لە پاکستان بە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی كەوتنە خوارەوەی پاسێک لە پردێك و تەقینەوەی، ٤٠ كەس لە هەرێمی بەلوجستانی خۆرئاوای پاكستان گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ


حكومەتی پاكستان بڵاویكردووەتەوە، پاسێك دوای ئەوەی لە پردێكەوە كەوتووەتە خوارەوە، تەقیووەتەوە، بەهۆی ئەوەشەوە زۆرینەی سەرنشینەكانی گیانیان لەدەستداوە.


یەکێک لە بەرپرسەكانی ناوچەی "لاسبیلا" لە هەرێمی بەلوجستان سەبارەت بە ڕووداوەكە ئاماژەی بەوەکردووە، پاسەكە ٤٨ كەسی تێدا بووە و بەهۆیەوە ٤٠ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ناتوانرێت تەرمەكان بناسرێنەوە.


میدیاكانی پاكستان ئاشكرایان كردووە، پاسەكە خۆی کێشاوە بە ستونێكی سەر پردەكەدا و بەهۆی ئەوەشەوە ڕێچكەکەی گۆڕاوە و پردەكەی بڕیوە و كەوتووەتە خوارەوە، دواتریش تەقیووەتەوە، ئاماژە بەوەشکراوە، کە هەرچەندە تەرمەکان ناناسرێتەوە، بەڵام پێدەچێت ژمارەیەک ژن و منداڵی تێدابێت.

 

بەپێی خەمڵاندنی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ساڵی ٢٠١٨دا زیاتر لە ٢٧ هەزار کەس لە ڕێگاکانی پاکستان گیانیان لەدەستداوە.