ئەمنستی ئینتەرناشناڵ داوا لە سوریا دەکات ئابڵوقە ھەڵبگرێت
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتی داوا لە سوریا دەکات ئابڵوقەی سەر دوو گەڕەکی حەلەب هەڵبگرێت.

ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" داوا لە سوریا دەکات، ئابڵوقەی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسودی کوردنشین و ئەشرەفیە لە حەلەب لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ھەڵبگرێت، کە دەیان ھەزار ھاوڵاتی تێیاندا دەژین و ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی ناوخۆی وڵاتن.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەھۆی ئەو ئابڵوقەیەوە، پێداویستییە پزیشکییەکان بەرەو لەناوچوون دەچن، ھاوڵاتیان لە نەبوونی سوتەمەنیشدا پاشماوەی پلاستیک و خۆڵ و خاشاک دەسووتێنن تاخۆیان لە سەرماوسۆڵە بپارێزن.
سوریا لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە ڕێگەی نەداوە سوتەمەنی و خۆراک و پێداویستی پزیشکی بگاتە ناوچەکە و ئەوەش قەیرانێکی گەورەی مرۆیی دروستکردووە.