ژاپۆن لە لێواری دابەزینی ڕێژەی لەدایکبووندایە

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دەڵێت، وڵاتەکەی لە لێواری ئەوەدایە کە بەهۆی دابەزینی ڕێژەی لەدایکبوونەوە نەتوانێت وەک کۆمەڵگە کار بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

دانیشتوانی ژاپۆن بە ١٢٥ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، کە لە ساڵی ڕابردوودا کەمتر لە  ٨٠٠ هەزار لەدایکبوون هەبووە، لەکاتێکدا ساڵانی ١٩٧٠ ئەو ژمارەیە زیاتر لە دوو ملیۆن بووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی لەدایکبوون لە زۆربەی وڵاتان خاو دەبێتەوە، بە دراوسێکانی ژاپۆنیشەوە، بەڵام کێشەکە لە ژاپۆن زیادترە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی بەتەمەنتر هەن و توانای کارکردنیان نییە، ئەمەش ژمارەی کەسانی کارکەر لە وڵاتدا کەمدەکاتەوە.

 

ژاپۆن ئێستا دووەم بەرزترین ڕێژەی خەڵکی جیهانی هەیە، کە تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ و زیاترە، کیشیدا فۆمیۆ، سەرۆک وەزیرانی ئەو ولاتە بە یاساناسانی وتووە: ژاپۆن لە سەر لێواری ئەوە وەستاوە کە ئایا ئێمە دەتوانین بەردەوام بین لە کارکردن وەک کۆمەڵگە، سەرنجدان لەسەر سیاسەتەکان سەبارەت بە منداڵ و پەروەردەکردنی منداڵ بابەتێکە کە ناتوانێت چاوەڕێ بکات و ناکرێت دوابخرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە دەیەوێت حکومەت خەرجییەکانی زیاد بکات لە بەرنامەکانی پەیوەندی بە منداڵانەوە، وتیشی: دەزگایەکی نوێی حکومەت بۆ جەختکردنەوە لەسەر کێشەکە لە مانگی نیساندا دادەمەزرێت.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠دا توێژەران پێشبینیان کرد، دانیشتوانی ژاپۆن لە لوتکەی ١٢٨ ملیۆنەوە لە ساڵی ٢٠١٧دا دابەزیوە و بەپێی زانیارییە فەرمییەکان ژمارەی دانیشتوان لە ئێستادا کەمتر لە ١٢٥ ملیۆن کەسە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژەی لەدایکبوون بەردەوام لە دابەزیندایە.