١٤ ڕۆژە زیندانیانی ژن لە باکووری کوردستان لە مانگرتندان
لە زیندانی ژنانی شاکران لە باکووری کوردستان مانگرتن لە خواردن دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژی ١٤یەمیندا بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ
زیندانییان لە زیندانی داخراوی ژنانی شاکران لە باکووری کوردستان لە دژی فشارەکان بۆ سەرژمێریکردن بە پێوە، چڕکردنەوەی دۆخی گۆشەگیری، ڕێگریکردن لە وەرگرتنی پەرتوک و ڕێگەنەدان بۆ چوونە ناو حەوشەی زیندانەکە، لە ٢ی کانوونی دووەمەوە مانیان لە خواردن گرتووە.
مانگرتنەکە هەموو ١٠ ڕۆژ جارێک بە شێوەی دەوری ئەنجام دەدرێت و ئەمڕۆ لە ١٤یەمین ڕۆژدایە.
پارێزەر سەرحەد ئارلی، ئەندامی لقی ئیزمیری کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی "OHD" ڕۆژی ١٣ی کانوونی دووەم سەردانی زیندانەکەی کرد و ڕایگەیاند، لە زیندانەکاندا گۆشەگیرییەکی سەخت لە دژی زیندانیان هەیە و مافە سەرەتاییەکانی زیندانییەکان پێشێل دەکرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی ٢٠٢٠ لە زیندانی شاکران گەورەترین مانگرتن بەڕێوەچوو.