ژنانی بناری قەندیل یادی شەهیدانی پاریسیان کردەوە
ژنانی بناری قەندیل بە سەیرکردنی بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیانی پێشەنگ و ڕێبەری شۆڕشی ژنان، ساكینە جانسز و هاوڕێكانی ١٠یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریسیان کردەوە.

ناوەندی هەواڵ
دوێنی کە ١٠ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی پاریس و شەهیدکردنی ساکینە جانسز-سارا، فیدان دۆغان-ڕۆژبین و لەیلا شایلەمەز-ڕۆناهی تێپەڕی و ژنانی گوندی ئالیە ڕەشی بناری قەندیل گردبوونەوە و ئیدانەی کۆمەڵکوژییەکانی پاریسی ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠٢٢یان کرد و هەڵوێستی خۆیان نیشاندا.
لە گردبوونەوەکەدا بەیاننامەیەک لەلایەن ژنانی گوندەوە خوێندرایەوە و داوایانکرد گەلی کورد و گەلانی دیموکرات لە ئاست ئەو کۆمەڵکوژی و تیرۆرانەی دەوڵەتی تورک بێدەنگ نەبن و ھەڵوێستیان ھەبێت.
هەروەها ژنان هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو کە دژی هەموو کۆمەڵکوژییەکانی سەر ژنان دەبن و درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدانن.
لە کۆتایی گردبوونەوەکەدا بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی ساکینە جانسز و ھەڤاڵەکانی نمایش کرا.