کژار: تێکۆشانی هەڤاڵ سارا بەردەوامە

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" لە ١٠یەمین ساڵیادی یەکەمین کۆمەڵکوژی پاریس ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، تێکۆشانی هەڤال سارا بەردەوامە تا ژیانی ئازاد مسۆگەر دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کژار لە ڕاگەیاندراوێکدا لەسەر کۆمەڵکوژیەکەی پاریس لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ کە تێیدا سێ ژنە پێشەنگی کورد تیرۆر کران دەڵێت: "١٠ ساڵ لەمەوبەر لەسەر شەقامەکانی پاریس عەقڵییەتی فاشیستیی پیاوان دەستی درێژ کرد بۆ سەر ئیرادەی ئازادی ژنان، لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا سێ ژن کە پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی ژنان بوون بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژکران، یەکێک لەو پێشەنگانە بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ سات بە سات شۆڕشی ئازادی ژنانی بە بەرخۆدان و تێکۆشانی بێوینە هۆناندەوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بۆچی ساکینە جانسز یان هەڤاڵ سارا بە تایبەتی کرایە ئامانج؟ وەڵامی ئەم پرسیارە مەزنە ئەمڕۆ ئەوەیە کە دەبینین ژنان بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' پێشەنگایەتی ڕاپەڕین بۆ ئازادی ژنان لە شەقامەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، هەڤاڵ سارا تەنیا بوو کاتێک دەستیکرد بە ڕێپێوانی درێژ بۆ ئازادی ژنان و بەبێ ماندوبوون بەرەو ئازادی بەڕێکەوت، بەبێ ئەوەی بۆ ساتێک هەناسەیەک وەربگرێت، یان بە دوو دڵیەوە بژی، بووە خاوەن داستانێکی ژیان، ئەو ژنانەی کە لە چوار دیوارەکەدا بوون و بە دیل گیرابوون، بەرەو چیا ئازادەکان بەڕێکەوتن و شوێنی خۆیان لەو تێکۆشانەدا ڕێکخست، کە لە لایەن هەڤاڵ ساراوە بنیاد نراوە، بوون بە یەک و سوپا و حزب، سیستەم و پارادایمی ژیانی ئازادیان چنی، هەڤاڵ سارا ژن و ژیانێکی نوێی دروستکرد، کە بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێت، لەبەرئەوەی سێ پیرۆزییەکەی مرۆڤایەتی 'ژن، ژیان، ئازادی' لەناوبرابوون، بەڵام بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و کەسایەتی و تایبەتمەندییەکانی هەڤاڵ سارا، ژنی ئازاد جارێکی دیکە زیندووبوونەوەی خۆی ڕاگەیاند، هەموو ژنانی تێکۆشەر بە یەک دەنگ بانگەوازی مرۆڤایەتییان کرد و وتیان: "ژن، ژیان، ئازادی" پیرۆزە، بێگومان هەڤاڵ سارا بە بەرزکردنەوەی تێکۆشان و بەرخۆدانی ئازادی تۆڵەی ٥ هەزار ساڵەی ژنی لە عەقڵییەتی نێرینە فاشیستەکان کردەوە"

 

هەروەها کژار باس لەوەدەکات کە، تێکۆشانی هەڤاڵ سارا بەردەوامە تا ژیانی ئازاد مسۆگەر دەبێت، "بێشک تێچووی تێکۆشانی ئازادی زۆر قورسە هەڤاڵ سارا و ڕۆناهی و ڕۆژبین لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا لە پاریسی فەرەنسا، فاتمە، سێڤێ، پاکیزە لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ و ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ش دیسان لە پاریس لەسەر هەمان شەقام ژنێکی شۆڕشگێڕ و پێشەنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان و دوو هەڤاڵ و تێکۆشەرانی خەبات بۆ ژیانێکی ئازاد، ئەڤین گۆیی، هونەرمەند میر پەروەر، ولاتپارێز عەبدولرەحمان کزل لە کۆمەڵکوژیەکەدا تیرۆر کران".

 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا کژار ڕایگەیاند، "لەگەڵ ئەوەی دەستی عەقڵییەتی فاشیستیی نێرسالار و ڕژێم تا بەهاکانی ئازادی درێژ دەبێت، تێکۆشانی ئازادی فراوانتر و بەهێزتر دەبێت، با باش بزانرێت کە ئەم هێرشە و دڕندەییە هەرگیز ئێمە بەرەو دواوە ناگەڕێنێتەوە، نە دوێنێ و نە ئەمڕۆ و نە سبەی، ئەم کردەوانە تەنیا ئیرادەی ئێمە بۆ ژیانێکی ئازاد زیاد دەکەن، ڕق و کینەی ئێمە لە بەرامبەر سیستەمی فاشیستی و ئیمپریالیستی پیاوان بەرز دەکاتەوە، خەبات بۆ ئازادی ژیانێکی نوێ لە هەموو کاتێک بەرزتر و پێشکەوتوو و ڕۆحدار و زیندوو دەبێتەوە، جارێکی دیکە وەک کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"، هێزە فاشیستەکان و هەژموونەکان بە توندی شەرمەزار دەکەین، وەک تێکۆشەرانی ژن بەڵێنی تێکۆشانمان بۆ شەهیدە پێشەنگەکانمان نوێ دەکەینەوە، لەسەری ڕێز بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە لە تێکۆشانی ئازادیدا خۆڕاگری دەکەن، نرخەکانیان دەبەخشن و داستان دەنووسنەوە، دادەنەوێنین، ئێمە دەڵێین بە شۆڕشی ئازادی ژن، هاوکێشەی 'ژن، ژیان، ئازادی' مژدەی ژیانی ئازادی هەڵگرتووە و لە هەموو کاتێک نزیکترە لێمانەوە، بێگومان تۆڵەی هەموو هەڤاڵانمان دەکەینەوە و خەونی ژیانی ئازادیان مسۆگەر دەکەین، بێگومان ئازادی سەردەکەوێت".