لە هەڵەبجە گروپی فشار بۆ پاراستنی ژینگە دروستکرا

لە شاری هەڵەبجە گروپی فشار بۆ پشتیوانی لە پرسە ژینگەییەکان دروستکرا و بەشداربووانیش دەڵێن پێویستە هۆشیاری تاک ئەوەندە بەرز ببێتەوە کە سەرماییە مرۆییەکان لەدەست نەدەین.

هەڵەبجە

 

ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن ڕێکخراوی ئازادبوون بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و کۆمەڵێک ڕێکخراو و لایەتی تایبەت بە ژینگە کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی دروستکردنی "گروپی فشار بۆ پرسە ژینگەییەکان" کۆبوونەوە و ئەو خاڵانەیان دیاریکرد کە کاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە هەڵەبجە هەیە.

 

بینایی شۆڕش، ڕێکخەری پرۆژەکە، بۆ ئاژانسی نوژنها دوا و باسی لەوەکرد کە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ژینگەی سلێمانی و هەڵەبجەن و ئامانجیانە کەسایەتی نوێ لە بواری ژینگەدا لە هەڵەبجە بە شێوەی تاک و گروپ کاربکەن، وتیشی: لە دۆخی ژینگەی هەڵەبجە دەکۆڵینەوە، ماوەی پرۆژەکەمان چوار مانگە و بەردەوام دەبین تا تۆڕێک دروستدەکەین و بابەتێک دەست نیشاندەکەین بۆ ئەوەی فشاری بخەینە سەر لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی ئەو ژینگەیەی هەمانە لەدەستی نەدەین.

 

سەبارەت بەوەی کە ئایا خاڵی هاوبەش لە نێوان هەڵەبجە و سلێمانیدا هەیە بۆ ئەوەی کاری لەسەربکەن، بینایی شۆڕش ئەوەی خستەڕوو کە خاڵی هاوبەش بریتییە لە بابەتی مۆلیدە و زیادەڕۆیی پاشەڕۆ و لاوازی گواستنەوەکان.

 

بێدەنگ نەبن لە ئاست بۆردومانکردنی سنورەکان

کۆمەڵێک ڕێکخراوی پەیوەست بە ژینگەوە بەشداری چالاکییەکەیان کرد، سۆزیار یادگار، وەک نوێنەری ڕێکخراوی هەڵویست باسی لەوە کرد پێویستە هۆشیاری تاک ئەوەندە بەرز ببێتەوە کە سەرماییە مرۆییەکان لە دەست نەدەین، وتیشی: باشترین نموونە ئەوەیە کە ئێستا سنورەکانمان لەلایەن ئێران و تورکیاوە بۆردومان دەکرێت و لە ژێر هەڕەشەی ژینگەییدایە، بۆیە پێویستە تاک  هۆشیار بێتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران سنورەکانمان نەبەزێنن.

 

لە کۆتایی سیمینارەکەدا گروپێکی فشار دروستکرا و وابڕیارە لە نزیکترین کاتدا بەشێوەی پراکتیکی کارەکانیان ڕاپەڕێنن.