سینەماکارانی تورکیا هەڵمەتێکیان بۆ ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەستپێکرد

دوای بانگەوازی هونەرمەندانی کورد و فارس بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانی گەلی کورد و گەلانی ئێران، سینەماکارانی تورکیا هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوەیان دەستپێکرد و تا ئێستا زیاتر لە ٤٢٧ سینەماکار بەشدارن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی شاری تاوانەوە بە بیانووی حیجاب، ناڕەزایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و بە خێرایی بڵاوببووەوە و لە سەرەتادا نزیکەی ٨٠ شار و شارۆچکەی ئێرانی گرتەوە، پاشان ناڕەزایەتییەکان تەشەنەیان سەند بۆ وەستانەوە دژی ڕژێمی سەرکوتکار و دژە ژن و خۆسەپێنی ئیسلامی ئێران.

 

توێژە جیاوازەکان لە ئێران و چوار پارچەی کوردستان و جیهانەوە پشتیوانییان کرد و بوونە دەنگی ژینا و گەلانی ئێران، هونەرمەندانی کورد و فارسیش بانگەوازییان لە سینەماکاران کرد کە پشتیوانی شۆڕشی ئێران بکەن.

 

بەو مەبەستە سینەماکاران لە تورکیاوە هەڵمەتێکی واژۆکردنی پشتیوانیان دەستپێکرد و بە زمانی کوردی و تورکی بانگەوازی بۆ بەشداری سینەماکاران دەکەن، تا ئێستاش زیاتر لە ٤٢٧ خەباتکاری بواری سینەما واژۆیان کردووە کە لە کورد و تورک و نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە پێکدێن.

 

دەقی هەڵمەتی سینەماکاران بەم شێوەیەیە:

"ئێمە چاودێری تێکۆشانی ئازادیخوازی خوشکە ئێرانییەکانمان لە دژی گوشار و زوڵم دەکەین، لە خۆپیشاندانەکاندا دژی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بە بیانووی نەکردنی حیجاب بە ڕێکوپێکی، حەدیس نەجەفی بە ٦ گولـلە کوژرا، ئێمە هەست بە ئازاری ئەو ژن و پیاوە ئازایانە دەکەین کە لەم بەرخۆدانەدا گیانیان لەدەستداوە و هاوخەمی خۆمان دەردەبڕین، ئازادی بەهای سەرەکی هاوبەشی مرۆڤایەتیە کە هەرگیز ناتوانرێت دەستبەرداری لێبکرێت.

 

ئێمە سەرمان بۆ ئەو گەلە شەرەفمەندانە دادەنێین کە چاونەترس لە پێناو مافەکانیاندا دەوەستنەوە، ئەمڕۆ یان سبەی هیوادارین ئازادی سەردەکەوێت، بۆیە ئێمە لەگەڵتاین. ئێمە برای ئێوەین.

 

سینەماکارانی تورک".