لە هەولێر لەکاتی بەڕێوەچوونی چالاکی بۆ ژینا ئەمینی ڕێگری لە ڕاگەیاندنەکان کرا

لە شاری هەولێر ڕێگری لە بەڕێوەچوونی چالاکییەکی ناڕەزایەتی دژی کوژرانی ژینا ئەمینی کرا و سەنتەری میترۆش دەڵێت: سەرنجمان داوە تیمەکانی ڕاگەیاندن لەکاتی ڕووماڵكردنی ئەو چالاكیانەی دژ بە سیاسەتی دەوڵەتانی ئێران و توركیا ڕێگرییان لێدەكرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە بەردەم کونسوڵخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هاوڵاتیان و چالاکوانان گردبوونەوە و ئیدانەی کوشتنی ژینا ئەمینییان کرد، هاوکات شانۆییەکیان بەناونیشانی "ژن، ژیان، ئازادی" پێشکەشکرد.

 

لە گردبوونەوەکەدا وێنەی ژینا ئەمینی و ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گیانیان بەختکرد بەرز کرانەوە و داوای پشتیوانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا.

 

 

هاوکات بەشێک لە چالاکوانان چوونە بەردەم کونسوڵخانەی ئێران لە شاری هەولێر و لە کاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکەدا ڕێگری لە ڕاگەیاندنەکان کرا و چەند کەلوپەلێکی ڕۆژنامەوانی دەستی بەسەرداگیرا، سەنتەری میترۆ لەوبارەیەوە دەڵێت: "ڕووماڵی چالاكی بەردەم كونسوڵخانەكان تاوان نییە".

 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، "ئەمڕۆ لەكاتی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتی لە بەردەم كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر، هێزە ئەمنییەكان بە هێز ڕێگرییان لە ڕووماڵی هەندێک لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كرد کە ڕووماڵی ئەو چالاكییە بكەن".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەرنجمان داوە چەند جارێك، كە تیمەكانی ڕاگەیاندن دەچن بۆ ڕووماڵكردنی ئەو چالاكیانەی دژ بە سیاسەتی دەوڵەتانی ئێران و توركیا ڕێگرییان لێدەكرێت و بەهێز كەلوپەلی ڕۆژنامەوانیان زەوت دەكەن"، هەروەها ڕایانگەیاند؛

 

یەكەم : لە هەموو دونیا میدیاكان لە چالاكی بەردەم كونسوڵخانەكان ئازادانە كاری خۆیان دەكەن لای ئێمە قەدەغە كراوە.

دووەم: ئەمە بە هۆكاری ئەمنییەتی ئەو كونسوڵخانانە ئەنجام نادرێن، بەڵكو هۆكارەكان سیاسیین.

 

سێیەم: لە یاسای رۆژنامەگەری بەندێكی تیادا نییە ئاماژە بدات كە رووماڵی چالاكی بەردەم كونسوڵخانەكان قەدەغە بن.

 

چوارەم:  فەزای كاركردنی مەیدانی میدیاكاران خەریكە بە تەواوەتی دادەخرێت و یاسای ڕۆژنامەگەری پەكدەخرێت و هەر هێزە و ئیدارەیەك لە شارەكانی هەرێم بە ئارەزووی خۆیان یاسا بۆ ڕۆژنامەنووسان دادەنێت.

پینجەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت كەڵەكەبوونی ئەم پێشێلكارییانە زیانی بۆ پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت.

شەشەم : ئەو ڕەفتارانەی ئەمڕۆ و ڕۆژانی ڕابردووی هێزی چەكداری ئەمنی بەرامبەر ڕۆژنامەنووس كە تەنها كامێرایەكی هەڵگرتووە مایەی شەرمەزراین بۆ بكەرانی.