ئوسترالیا ژمارەی پەنابەران لە وڵاتەکەیدا زیاد دەکات
حکومەتی ئوسترالیا دەرگای بەڕووی کۆچبەری هەمیشەیی زیاتردا کردەوە بۆ پڕکردنەوەی کەمی هێزی کار، بەڵام چالاکوانان دەڵێن پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ پاراستنی کرێکارانی ڤیزای کاتی.
ناوەندی هەواڵ
حکومەتی ئوسترالیا ڕایگەیاند ڕێژەی زیاتری کۆچبەری هەمیشەیی لە وڵاتەکەیدا وەردەگرێت تا هێزی کار لە وڵاتەکەدا زیاد بکات، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیاش، کلێر ئۆنیڵ لە بەیاننامەیەکدا کە لە ٢ ئەیلولدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند: سیستمی کۆچبەری ئێمە دەتوانێت ببێتە پێشڕەوێکی بەهێزی کۆمەڵگەی کراوە، ئازاد، ئاوەدان، دیموکراسی ئوسترالیا لە سەرانسەری جیهاندا.
بەڵام بەپێی وتەی مات کونکێل، سەرۆکی سەنتەری کرێکارانی کۆچبەر لە مێلبۆرن، ئاماژەی بەوەداوە کە خاوەن ڤیزە کاتییەکان بەشێکی زۆر گەورە لە هێزی کار پێکدەهێنن، هەروەها ئامارەکانمان دەریدەخەن کە بە نزیکەیی دوو کەس لە سێ کەس کە ڤیزەی کاتییان هەیە، تووشی جۆرێک لە کێشە دەبن لە شوێنی کاردا.
پوتری نمونەی گەنجێکی ئەو وڵاتەیە کە زمانی ئینگلیزی بە باشی نەدەزانی و لە دوکانێکی ئەندەنوسیدا کاری دەکرد بە ڕۆژانەی ٤ دۆلاری ئوسترالی لە کاتژمێرێکدا، کە کەمترین مووچە بوو، کەمی مووچە لە یەکێک لە گرانترین شارەکانی جیهان بەو مانایە بوو کە پوتری ناچار بوو بچێتە شوقەیەکی دوو ژووری نوستنەوە و لەگەڵ ١٦ کەسدا هاوبەشی پێبکات.
پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئوسترالیا دووەم گەورەترین هێزی کاری کۆچبەری کاتیی هەبووە لە دوای ئەمریکاوە، بەڵام لهدوای داخستنی سنورەکان ڕێژەکە کەمیکرد، دامەزراوەی گراتان کە دامەزراوەیەکی شیکارییە، مەزەندە دەکات لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢دا ١.٥ ملیۆن کۆچبەری کاتی لە ئوسترالیا هەبووە، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی ٢ ملیۆن کۆچبەر هەبوون، کۆی هێزی کاری ئوسترالیا ١٣.٦ ملیۆن کەسە.
کەمبوونەوەی ژمارەی کرێکارانی کۆچبەر لە دوای کۆرۆناوە، بووە هۆی کەمیی کارامەیی و هێزی کار لە کۆمپانیاکانی ئەندازیاری شارستانییەوە تا کلینیکەکانی تەندروستی و ماڵی چاودێری و چێشتخانەکان، نووسینگەی ئاماری ئوسترالیا لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢دا ٤٨٠ هەزار پۆستی بەتاڵی تۆمارکردووە، کە زیاترە لە دوو هێندە زیاتر لە سەرەتای پەتاکە لە شوباتی ٢٠٢٠.