"کاتێک ژنان بەرەوپێشدەچن پیاوان لە پێگەی خۆیان دەترسن"
ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارییان لە کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە تونس کرد و تیایدا باس لە کێشەکانی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردی کرا و هەروەها هێز و ئیرادەی ژنانیش لە کاتی شۆڕش و تێکۆشاندا خرایە ڕوو.
تونس
سێیەمین كۆنفرانسی جیهانیی ژنان لە تونس لە ٤ی ئەیلول دەستیپێکرد و ١٠ی ئەیلول کۆتایی هات، لە كۆنفرانسەكەدا وۆركشۆپەكانی زانستی ژنان-ژنۆلۆژی و ڕۆڵی ژنانی كورد لە ئازادیی ژنان و كۆمەڵگە و دۆخی ژنان لە گۆڕەپانەكانی شەڕ و ململانێدا پێشكەشكرا.
لە كۆنفرانسەكەدا بەشداربووان باسیان لە ڕۆڵی ژنان لە هێزە سەربازییەكان و یەكینەكانی پاراستنی ژنان لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا كرد، هەروەها جەخت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەكانی توندوتیژی، دەستدرێژی سێكسی و دەسەڵاتی پیاوسالاری، بە توانا تایبەتەكانی ژنان كرایەوە، ڤانێسا ڕەشید، ژنێکی کوردی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە و سیاسەتمەدارە، بەشداربووی سێیەمین کۆنفرانسی جیهانی ژنان بوو لە تونس، بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لە دۆخی ژنانی ئێستای کورد کرد لە کوردستان و کۆنفرانسەکەی هەڵسەنگاند
ژنانی کورد بەشداری کۆنفرانسی جیهانی ژنان لە تونس دەکەن
ڤانێسا ڕەشید وەک ژنێکی کورد بەشداری کۆنفرانسی جیهانی ژنانی کرد و باسی لەوە کرد زۆر خۆشحاڵە کە توانیویانە بەشداری بکەن، "زۆر خۆشحاڵین کە ژنانی کوردستان بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کردووە کە بۆیەکەم جارە وەفدێکی ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشداری بکات، جێگای شانازییە کە ژنان توانیویانە بەرەوپێشبچن."
سەرەڕای بەرەوپێشچوونی ژنان لە کایەکانی ژیاندا بەڵام ژن کوشتن لە ناو کۆمەڵگەدا بەردەوامی هەیە، ڤانێسا لەوبارەیەوە وتی: "ژن کوشتن زیادیکردووە لە کوردستان، ئەمە ڕاستییەکە و دەبێت باسبکرێت، ژنان کاتێک بەرەوپێشدەچن و داوای مافەکانیان دەکەن پیاوان دەترسن لە پێگەکەی خۆیان و وادەزانن ژنان مەترسییان بۆ سەر دروستدەکەن، پێویستە بە زانستییانە بۆ کۆمەڵگە ڕوونبکرێتەوە بەرەوپێشچوونی ژنان دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە نەک دروستکردنی مەترسی و زیان."
لە کوردستان یاسا هەیە بەڵام جێبەجێناکرێت
ڤانێسا باسی لە کوشتنی ژنان کرد لە کوردستان و وتی: "ئێمە لە کوردستان کێشەی ئەوەمان هەیە کاتێک پیاوێک ژنێک لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکوژێت، یاسایەک هەیە بۆ سزادان بەڵام بەتەواوی جێبەجێناکرێت و تاوانباران بە سزای خۆیان ناگەن و بەدواداچوون بۆ کێشەکان ناکرێت، لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا لەبەر وشەی "عەیبە" واز لە یاساکانیش هێنراوە، یاساکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٨ یاساکان بەرەوپێشچوونیان بە خۆیانەوە دیوە لە پێناو مافەکانی ژنان، بەڵام بەکارناهێندرێت."
ڤانێسا ڕەشید باسی لەو پەیامانە کرد کە دەیانەوێت لەو کۆنفرانسە جیهانییەدا بیگەینن، "لەم کۆنفرانسە جیهانیەی ژناندا لە تونس دەمانەوێت ئەوە بگەیەنین کە ژنانی کورد چەند بەهێز و لێهاتوون، سەرەڕای ئەوەی ژنان لە هەر پارچەیەکی کوردستان ئێش و ئازاری خۆیانیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو کاتەکانی شەڕدا ژنان بەهێز بوون و چەکیان هەڵگرت و شۆڕشیان کردووە، باس لە کێشەکانیش کرا بۆ ئەوەی چارەسەری بدۆزرێتەوە".