٦ ژن لە شاری هەڵەبجە دەستپێکردنی پڕۆژەکانیان ڕاگەیاند
دوای ئەوەی لە پێشبڕکێیەکدا ٦ ژن بوونە براوەی پڕۆژەی بچوک، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا دەستپێکردنی کارەکانیان ڕاگەیاند.
هەڵەبجە
لە چوارچێوەی پرۆژەی پاراستنی مافەکانی ژنان و کچان لە هەڵەبجە، ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان مەراسیمی کردنەوەی ٦ پرۆژەی بچوکی ژنانی لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبرد.
شوێنکاری شوشتنی ئۆتۆمبێلی کوردستان یەکێک بوو لە پڕۆژەکانی لەناو کۆمەڵێک بیرۆکەی کاردا هەڵبژێردرا، هەر لەوێش مەراسیمەکە بەڕێوەچوو، پەریا بەشیر لە ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان، تایبەت بە نوژنها وتی: لە چوارچێوەی پرۆژەی پاراستنی مافەکانی ژنان و منداڵان لە هەڵەبجە و ڕاهێنانی ژنان بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ، پاش خستنەڕووی بیرۆکەکانیان و هەڵبژاردنیان ٦ ژن توانییان ببنە براوەی هاوکاری دارایی و بە بیرۆکەکانیان توانیان لەسەر پێی خۆیان بوەستن.
کەوسەر بەشیر، چالاکوان، لە میانەی کردنەوەی پڕۆژەکەدا وتی: پێویستە دانیشتوانی هەڵەبجە و ڕێکخراوەکان پاڵپشتی تایبەتی ژنان بین، چونکە هەڵەبجە شوێنێکی داخراوی هەیە و کردنەوەی بەڕووی کاردا لە ڕووی ئابورییەوە ئەرکێکی گرنگە، پێویستە ژنانیش خاوەنی داهاتی خۆیان بن و دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت.