خزمەتگوزاری مانگی سووری کوردی لە کامپی هۆل
مانگی سوری کوردی خزمەتی ئەو خێزانانە دەکەن کە لە کامپی هۆلدا نیشتەجێن و ڕایانگەیاندووە، کە هەرچەندە لە مەترسیدارترین کامپدا کار دەکەن، بەڵام ئەرکی مرۆیی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
حەسەکە
کامپی هۆل جگە لەوەی لە ڕووی ئەمنییەوە دەپارێزرێت، چەندین دەزگای مرۆیی و تەندروستیش هەیە کە خزمەتی ٥٤ هەزار و ٣٩٠ کەس دەکەن، مانگی سووری کوردی یەکێکە لەو دامەزراوانەی شەو و ڕۆژ بە هەموو توانایانەوە خزمەتی نەخۆشەکان دەکەن و دەرمانی پێویستیان بۆ دابین دەکەن، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە بە پشتیوانی یەپەژە و قەسەدە لە ٢٥ی ئابەوە دەستیپێکردووە، لە ١٠یەم ڕۆژدا بەردەوامە، هاوکاتی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی، ژیان و خزمەتگوزاری مرۆیی و تەندروستی لە ناو کامپەکەدا بەردەوامە.
"هەرچەندە مەترسی لەسەرمان هەیە، ئەرکی مرۆیی خۆمان جێبەجێدەکەین"
نەوال شەرابی، ئەندامی مانگی سووری کوردی، باسی لەو خزمەتگوزارییانە کرد کە پێشکەشی دەکەن و وتی: کارەکەمان نەوەستاوە و ئەو خزمەتانەی کە ئێمە دابینی دەکەین هیچیان نەگۆڕاوە، ژنێکی دووگیان دێت و لای ئێمە منداڵەکەی لەدایک دەبێت، ژنێکی نەخۆش کە لە هۆش خۆی دەچێت دێت و ئێمە چارەسەری دەکەین، چارەسەری بەپەلە دەکەین، لێرە ئامڕازی تەندروستی و دەرمانی پێویست هەیە، تاوانیان کردبێت و نەکردبێت ئێمە هاوکاری و خزمەتگوزاری تەندروستیان بۆ دابین دەکەین و ئەرکی مرۆیی خۆمان جێبەجێ دەکەین.
"ماوەیەک پێش ئێستا، پەرستارێکی هاوڕێی ئێمە کوژرا"
نەوال شەرابی باسی لەو سەختییانە کرد کە لە کامپەکەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، "بۆ نموونە، ئەگەر ئەوانەی دێن تەندروستیان باش بێت و پێویست نەکات ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دەرەوەی کامپەکە بکرێن، ئەوا بێزار دەبن و بە شێوەیەکی ناخۆش وەڵام دەدەنەوە، زۆربەیان بە بیاونوی ئەوەی نەخۆشن سوورن لەسەر جێهێشتنی کامپەکە، ماوەیەک بەر لە ئێستا هاوڕێیەکی پەرستاری ئێمە لە کامپەکەدا بە دەستی چەتەکانی داعش کوژرا".
ئەو ئەندامەی مانگی سوری کوردی وتیشی سەرەڕای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی، دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ نەخۆشەکان نەوەستاوە، ترسێک هەیە، بەڵام ئەوەی دەیکەن ئەرکێکی مرۆییە، "ئێمە لە کامپێکداین کە یەکێکە لە مەترسیدارترین کامپەکانی جیهان، بەڵام ئێمە لێرەین و خزمەتگوزاری مرۆیی خۆمان پێشکەش بە نەخۆشەکان دەکەین".
سەفیە محەمەد، ژنیکی نەخۆشە و سەردانی مانگی سووری کوردی کردووە، باسی لەو خزمەتگوزارییانە کرد کە پێشکەشیان دەکرێت و وتی: ئەوان هەموو پێداویستیەکانی نەخۆشەکان دابین دەکەن، کاتێک نەخۆش دەکەوم و چارەسەرم دەکەم بە دڵخۆشی دەگەڕێمەوە ماڵی خۆم، تەنانەت ئەگەر دراوسێکانیشم نەخۆش بکەون یارمەتیان دەدەم و دەیانهینم بۆ ئێرە، ئەوان یارمەتیمان دەدەن و هیچ ڕەخنەیەکمان نییە لێیان، لە ڕێگەی چارەسەرەوە یەکترمان ناسیوە و سوپاسیان دەکەم بۆ کارە پیرۆزەکانیان.