بەڕێوەبەرایەتی کامپی هۆل: بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە جموجۆڵی چەتەکانی داعش لە زیادبووندایە

بەڕێوەبەرایەتی کامپی هۆل لە بارەی دۆخی کامپەکە و مەترسییەکانی بۆسەر جیهان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست.

حەسەکە

 

رۆژانە هێرش و هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر ناوچەكە لە زیادبووندایە، بەم هێرش و هەڕەشانە، جموجۆڵی خێزانە چەتەكانی داعشیش لە زیادبووندایە. لە کامپی هۆل ٥٥١٩٤ کەس و ١٤٩٥٨ خێزان دەژین. سەبارەت بەو پرسە، بەڕێوەبەرایەتی کامپی هۆل بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.

 

بەیاننامەکە لەلایەن جیهان حەنان، بەڕێوەبەری کامپی هۆل خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە، "دەوڵەتی تورکیا هەمیشە دەیەوێت بە پاراستنی سنوورەکانی ئاسایشی ناوچەکە بکاتە ئامانج و دەسەڵاتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە و پشتیوانی لە چەتەکانی داعش بکات. کردنەوەی ئاسمان و بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و ناوەندە سەربازییەکان دەبێتە پشتیوانی بۆ زیندووکردنەوەی چەتەکانی داعش، هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی کامپی هۆل هەیە و نازانین کەی دەتەقێتەوە، بۆیە ئێمە وەک بەڕێوەبەری کامپی هۆل، داوا لە هەموو دەوڵەتەکان دەکەین کە بێن و هاوڵاتییەکانیان لە کامپی هۆل ببەنەوە وڵاتەکەیان تا بارگرانی لەسەر کامپەکە کەمببێتەوە".

 

"هێرشەكان دۆخی كەمپەكە لە ڕووی كار و خزمەت و ئاسایشەوە لاواز دەكات"

دوای خوێندنەوەی بەیاننامەکە، جیهان حەنان بۆ ئاژانسەکەمان دوا و خستیەڕوو کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٣١ کەس لە کامپەکە کوژراون، وتیشی: "بە هێرش و هەڕەشەی دەوڵەتی تورک دۆخی کامپەکە بەرەو خراپتر دەڕوات، لەم ڕۆژانەی دواییدا حاڵەتەکانی کوشتن لە زیادبووندایە و هێرشەکان دۆخی کامپەکە لەڕووی کار و خزمەت و ئاسایشەوە لاواز دەکات، ئەگەر ژنێک بیەوێت ڕووخساری بکاتەوە یان داوای مافی خۆی بکات، ئەوا دەکوژرێت، بۆیە ژنەکانی ناو کامپەکە ترسیان هەیە. ئێمە داوا دەکەین ئاسمان دابخرێت بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی تیرۆر".