لە دەڤەری ڕاپەڕین کۆتایی بە خولێکی دروومان هات
لەلایەن ڕێخراوی سەنگی گەنجانی کوردستان بۆ ماوەی مانگێک خولێکی دروومان بۆ ژنان لە ڕانیە بەڕێوەچوو، خولەکە بە سەرکەوتووی کۆتایی هات و لە مەراسیمێکدا بڕوانامە بە سەر فێرخوازاندا دابەش کرا.
ڕانیە
خولێکی دروومان، لەلایەن ڕێکخراوی سەنگی گەنجانی کوردستان بۆ ماوەی مانگێک بۆ ژنان لە ڕانیە کرابوەوە بە سەرکەوتووی کۆتایی هات و لە مەراسیمێکدا بڕوانامە بە سەر فێرخوازاندا دابەش کرا.
لە کۆتا ڕۆژی خولەکەدا، لەلایەن دکتۆرە وەفا لە ڕێکخراوی سەنگی گەنجانی کوردستان سمینارێک سەبارەت بە نەخۆشیە بڵاوەکانی وەرزی هاوین کە زۆر باون لەناو ژناندا لە ئەندامی زاوزێ و نەخۆشیەکانی میزەڵان و میزەڕۆدا پێشکەشکرا، کە تیایدا باسی لە ڕێگاکانی خۆپاراستن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان کرد و هەروەها بۆ ژنانی ڕوونکردەوە کە پێویستە هۆشیاریان لەسەر نەخۆشییەکان هەبێت و پێش سەردانیکردنی نەخۆشخانە نیشانەکانی بناسنەوە و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێبکەن.
فێرخوازانی بەشداربووی خولی دروومان باسیان لەوەکرد کە سودیان لە خولەکە بینیووە و گرنگە خولی لەو شێوەیە بۆ ژنانی دەڤەرەکە بکرێتەوە بۆ ئەوەی ژنان لێی سودمەند ببن و لەو ڕێگەیەوە بتوانن کاری تایبەت بە خۆیان ئەنجامبدەن و بژێوی ژیانی خۆیان دابینبکەن و پشت بە خۆیان ببەستن.
سارا یەکێک بوو لە فێرخوازانی خولەکە باسی لەوەکرد کە سودی لە خولەکە بینیوە و وتی: هیوادارم خوێندکارەکانی دیکەش سودیان لە خولەکە بینیبێت و بتوانن ئیشی تایبەت بە خۆیان بکەن.
ئاڤان فێرخوازێکی دیکەی خولەکە بوو وتی: ئەم خولە هاندانێکی زۆر باش بوو بۆ ژنان چونکە لە سەرەتادا هیچمان نەدەزانی وەک چۆنیەتی بڕینی قوماش و بەکارهێنانی مقەست، بەڵام ئێستا بنەماکانی دروومان فێربووین و دەتوانین کارێک بۆخۆمان ئەنجامبدەین.
لە کۆتاییشدا بڕوانامە بەسەر سەرجەم فێرخوازانی خولەکەدا دابەشکرا تا بتوانن لە کارکردندا سودی لێوەربگرن.