عێراق، لە دوو مانگدا ٣١ تۆمەتباری هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی دەستگیرکراون

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی دوو مانگدا ٣١ تۆمەتباری هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژنان و ژنانی گەنج دەستگیرکراون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئامارێکی فەرمیدا لەسەر هەراسانکردنی ئەلکترۆنی لە عێراقدا کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای کردووە لە ماوەی دوو مانگدا ٣١ تۆمەتباری دۆسیەکانی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی دەستگیرکراون، ئاماژە بە بوونی سەدان حاڵەتی دیکەی نەدۆزراوەش دەکرێت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ڕایگەیاندووە، دوای وەرگرتنی سکاڵا لە هاوڵاتیان سەبارەت بە هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە ماوەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموزدا ٣١ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە هەڕەشەیان لە قوربانییەکان کردووە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا.

 

هەرچەندە حاڵەتەکانی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی چەندین شێوازی جیاوازی هەیە و کاریگەری لەسەر توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەکات، بەڵام ئامار و داتای ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤ و ناوەندەکانی تایبەتمەند بەو کەیسە دەریدەخەن کە ژنان بەرکەوتەی سەرەکی ئەم جۆرە توندوتیژییەن.

 

لە ئەنجامی زیادبوونی حاڵەتەکانی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی کۆمەڵێک کێشە و قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئەمنی دروستدەبن، هەندێک جار دەبنە هۆی ڕووداو و تاوان کە دەگاتە کوشتن، ڕفاندن، توندوتیژی جەستەیی و دەروونی، هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان.