هەڵەبجە، سیمینارێک لە بارەی مافەکانی مرۆڤ و ژنان بۆ ئاوارەکان پێشکەشکرا

لە شاری هەڵەبجە نوسینگەی مافی مرۆڤ لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان و مافەکانی مرۆڤ و بڕیاری ١٣٢٥ی ئاسایشی ژنان سیمینارێکی بۆ ژنانی ئاوارەی عەرەب ڕێکخست.

هەڵەبجە

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی منداڵان و نوسینگەی مافی مرۆڤ لە شاری هەڵەبجە سیمینارێکیان لەبارەی مافەکانی مرۆڤ، توندوتیژی دژی ژنان و بڕیاری ١٣٢٥ی ئاسایشی ژنان بۆ ژنانی ئاوارەی بە ڕەگەز عەرەب ڕێکخست.

 

ڕاهێنەر گوڵستان محەمەد، لێپرسراوی نوسینگەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا کە هەر لە سەرەتای هاتنی بە لێشاوی ئاوارەکان بۆ سنوری پارێزگای هەڵەبجە هۆشیارییان لەبارەی توندوتیژی خێزانی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بڵاوکردووەتەوە تا گۆرانکاری دروستبکەن لە ژیانی ژناندا، بەتایبەت کە بە هۆی شەڕ و ئاوارەییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و تاوانی جەنگ بوونەتەوە.

 

"ئەمرۆ ئاشنامان کردن بە یاسای ١٣٢٥"

سەبارەت بەوەی کە ئایا ژنان لە ئەرک و مافەکانیان چەندە ئاگادارن و چۆن زانیارییان پێدەدەن، گوڵستان محەمەد وتی: سەرەتا کە ئاوارەکان ڕوویان لە هەڵەبجە کرد، چارەسەرکاری دەروونیمان بۆ دانان چونکە ترسیان لەلا دروستببوو بەهۆی هاتن و توندوتیژییەکانی داعشەوە، هەروەها سەرجەم ڕێکخراو و دامودەزگاکان هاوکار بوون بۆ تێکەڵبوونەوەی ئەو ژنانە بە ژینگەی شارەوە، چونکە لە پێشتردا بەهۆی دابونەریت و ژینگەکەیانەوە، نەیاندەتوانی جلی ڕەنگاوڕەنگ لەبەربکەن و بچنە دەرەوە و کاربکەن،  بەڵام ئێستا خوێندنگەی تایبەت بە خۆیان هەیە و لە بوارە جیاوازەکاندا کار دەکەن.