شۆڕشی ڕۆژئاوا کلیلی ئازادی ژنانە

 ژنانی کۆچبەری عەفرین بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاند کە شۆڕشی ڕۆژئاوا کلیلی ئازادی ژنانە و بەم کلیلە دەرگای ئازادی لەبەردەمیان کراوەتەوە.

حەسنە محەمەد

 

شەهبا- سەرهەڵدانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٢ لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، گەلی کورد ئەو ململانێیەی کە لە سوریا ڕوویدا، قۆستیەوە و وردە وردە شوێن و خاکی خۆیان لە دەستی ڕژێمی سوریا ڕزگارکرد، کاتێک گەلی کورد بەڕێوەبەری شارەکانی گرتەدەست دەستیان کرد بە بنیادنانی سیستمی پەروەردەی تایبەت بە خۆیان. دەیان قوتابخانە کە لە ڕژیمەوە مابوونەوە، بۆ پەروەردەی زمان بەکارهێنران. لە هەمان کاتدا دامەزراوەی کۆمەڵایەتی وەک ئەنجومەنی گەل، ماڵی گەل و کۆمۆنیان دامەزراند و سیستمی بەڕێوەبەری خۆسەریان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند. بەم شێوەیە سیستمی کۆمەڵایەتی و بەرگریکردن لە خۆیان و پەروەردەکردنیان بەهێزتر کرد.

 

"١٩ی تەمموز نوێنەرایەتی شۆڕشی ژنان دەکات"

بە بۆنەی ١٠یەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوا، ژنانی عەفرین قسەیان بۆ نوژنها کرد، ئەمینە عوسمان ئاماژەی بەوەدا کە لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان ئەو سنوورەیان شکاند کە بۆیان دیاریکرابوو، وتی: مانگی تەمموز بۆ ئێمە مانگێکی پیرۆزە، چونکە پڕە لە بەرخۆدان و تێکۆشان، لەگەڵ ڕاگەیاندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕێگای ئازادی بۆ هەموو ژنان کرایەوە. لەو کاتەدا بڕیارمدا بەشداری کار بکەم بۆ ئەوەی ئاستی زانیاریەکانم بەرز بکەمەوە و لە ماڵ دەربچم. شۆڕش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەسایەتیم هەبوو و ڕێگەی پێدام زیاتر بوونی خۆم لە ژیاندا بناسم، لە عەفرین بەشداریم لە چالاکیەکانی کۆنگرەی ستار کرد و زیاتر چوومە ناو کۆمەڵگە و بوونی خۆم وەک ژنێک سەلماند، ١٩ی تەمموز واتە شۆڕشی ژنان و ئاواتی ڕێبەر ئاپۆ ئەوە بوو کە ژنان ئازادانە بژین. ئێستا ئەم ئاواتە بەدیدێنین.

 

"لە سایەی شۆڕش زیاتر ناسنامەی خۆمان ناسی"

سۆزان ڕەشید باسی لەو گۆڕانكارییانە كرد كە لە سەردەمی شۆڕشی رۆژئاوادا لە كەسایەتییەكانیاندا كردوویانە و بەم شێوەیە قسەیکرد، "لە سایەی سەرهەڵدانی شۆڕشی رۆژئاوا و ئایدیاكانی نەتەوەی دیموكراتیکدا، ژنان توانیان گۆڕانكاری زۆر لە كەسایەتی و ژیانی خۆیاندا بكەن، ئەم گۆڕانکاری و خۆگۆڕینە سەبارەت بە خۆسەلماندن و خۆناسین و ڕێکخستن بوو، ژنانی ڕۆژئاوا لە ڕووی خەبات و خۆڕاگری و ئازادییەوە بۆ ژنانی جیهان بوونە نموونە. بە ئیرادەی خۆیان ژیانی یەکسانییان لە کۆمەڵگەدا خوڵقاند. بۆ ئێمە شۆڕشی ڕۆژئاوا کلیلی ئازادی و خەباتە و دژی عەقڵیەتی دەسەڵاتدار بوو، بە پێشکەشکردنی کۆبوونەوە و پەروەردە و سیمینار، زیاتر لەبارەی مێژوو و ناسنامەمانەوە ناسیمان".

 

"ژنان ژیانێکی دوور لە زوڵمیان بنیادنا"

عاریفە بیلال، کە کارەکانی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی شەهبا بەڕێوەدەبات، سەرنجی بۆ ئەو سەختی و ئاستەنگانە ڕاکێشا کە ڕووبەڕوویان بووەتەوە تا گەیشتنە ئازادیی خۆیان و وتی: پێش دامەزراندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا کارمان دەکرد بۆ ڕێکخستنی ژنان، هەر بۆیەش ئێمە ڕووبەڕووی چەندین بەربەست و سەختی بووینەوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، لە سەرەتادا دابونەریتی کۆمەڵگە ڕێگەی نەدەدا ژنان لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەربچن و چالاکی ئازادی بەڕێوەببەن، بەڵام شۆڕشی رۆژئاوا ڕێگەی بۆ ژنان خۆشکرد سنوورەکان بشکێنن و ژیانێکی دوور لە زوڵم بنیادبنێن، ئەو بازنەی کۆیلایەتییەی کە دروستکرابوو، ژنان دڕاندیان و بە خۆڕاگری ژنانی خەباتکاران ژنانی ڕۆژئاوا گەیشتوونەتە ئازادیی خۆیان و دەستکەوتی بەنرخیان بەدەستهێناوە.