ئامارێک لە هەرێمی کوردستان؛ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە توندوتیژی دژی ژنان لە ناوماڵ زیادیکرد
دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و قەدەغەکردنی هاتووچۆ کاری سەرشانی ژنان قورستر بوو، بەوپێیەی لە کار دابڕان و خێزانەکان لە ماڵدا کۆبوونەوە، توندوتیژییەکان دژی ژنان زیادیکرد.
ناوەندی هەواڵ
دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، هەرێمی کوردستان لێی بێبەش نەبوو، قەدەغەی هاتوچۆ و دابڕان لە کار یەکێک بوون لە ڕێکارەکانی خۆپاراستن.
لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی شوبات/٢ی ٢٠٢٠دا دامودەزگا حکومی و ئەهلییەکان داخران و لە ١٣ی ئادار/٣یشدا قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا، هەمووان گەڕانەوە ماڵەکان و هیچ هاتوچۆیەک ئەنجام نەدرا، خێزانەکان لە ماڵدا کۆبوونەوە و ئەرکی ژنان زیاتر بوو، بەو پێیەی هەموو ئەندامانی ماڵ بێکار ببوون و تەنها لەماڵدا دەمانەوە، و ژنان بە ناچاری هەموو کاتەکانیان سەرقاڵی کاری ناوماڵ بوو، هەروەها دابڕان لە خوێندن و دابەزینی ئاستی داهاتی خێزان لەماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یان نەمانی سەرچاوەی داهات هۆکاربوون تا ژنان زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی ببنەوە.
ڕووپێوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستی ژنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١، لە بەشێکیدا باس لە کاریگەری هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر توندوتیژی دژی ژنان دەکات کە ڕێژەکەی ١.٤٪ بوو، ئەم ڕێژەیە دەریدەخات ژنان لە هەر شوێنێک بن لە ماڵەوە یان لە کارکردن و خوێندن بن، لەلایەن پیاوانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەروونی، جەستەیی و سێکسی دەبنەوە.
ئاماری توندوتیژیەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا
لە مانگەکانی قەدەغەی هاتوچۆدا بە چاوخشاندن بە ئامارەکاندا، دەبینرێت بەهۆی نەبوونی ڕێگەیەک بۆ ژنان تا خۆیان بگەیەننە ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ئامارەکانیش کەمن، بەڵام لە کۆتا مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٠ و تەواوبوونی قەدەغەی هاتوچۆ و کردنەوەی ڕێگەی چوونی ژنان بۆ ناوەندەکانی پاراستن ڕێژەکە زیادیکرد.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ١٠٦٢٥ حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراوە، هۆی کەمی ڕێژەکەش لەچاو ساڵانی دیکەدا قەدەغەی هاتوچۆ و دەستنەگەشتنی ژنان بووە بە بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە بەرامبەردا ڕاپۆرت و لێدوانەکانی ژنان دەریدەخەن کە توندوتیژییەکان لە ئاستی بەرزدابوون.
پارێزگای سلێمانی/ ٢ حاڵەتی کوشتن، ٢حاڵەتی خۆکوشتن، ٨ حاڵەتی خۆسووتاندن، ٧ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ٢٢٩٠ سکاڵا تۆمارکراوە.
پارێزگای هەولێر/ ١٥ حاڵەتی کوشتن، ١٦ حاڵەتی خۆکوشتن، ٢٤ حاڵەتی خۆسووتاندن، ٥٢ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ٤٣٩٢ سکاڵا تۆمارکراوە.
پارێزگای دهۆک/ ٤ حاڵەتی کوشتن، ١٤ حاڵەتی خۆکوشتن ،٢١ حاڵەتی خۆسووتاندن، ٢٦ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ٢٢١٧سکاڵا تۆمارکراوە.
هەرێمی گەرمیان/ ١ حاڵەتی کوشتن، ٢ حاڵەتی خۆسووتاندن، ١٢ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ٨٩٨ سکاڵا تۆمارکراوە.
هەرێمی ڕاپەڕین/ ٣ حاڵەتی خۆکوشتن، ٨ حاڵەتی خۆسووتاندن، ٢٠ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ٣٤٢ سکاڵا تۆمارکراوە.
سۆران/ ٣ حاڵەتی خۆکوشتن، ٨ حاڵەتی خۆسووتاندن، ٨ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ٢٣١ سکاڵا تۆمارکراوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە ساڵی ٢٠٢١دا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ١٣٤٦٦ حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراوە، بەرزبوونەوەی ڕێژەکەش بە لێکەوتەی سەردەمی قەدەغەی هاتوچۆ و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دادەنرێت.
پارێزگای سلێمانی/ ٥ حاڵەتی کوشتن، ١١ حاڵەتی خۆکوشتن، ١٢ حاڵەتی خۆسووتاندن، ٣٩ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ٣١٤٢ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە.
پارێزگای هەولێر/ ٦ حاڵەتی کوشتن، ٣٠ حاڵەتی خۆکوشتن، ٢ حاڵەتی سووتان، ٢٩ حاڵەتی خۆسووتاندن، ٥٤ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ٥١٧٠ سکاڵا تۆمارکراوە.
پارێزگای دهۆک/ ١٢ حاڵەتی کوشتن، ٣٠ حاڵەتی خۆکوشتن، ٢ حاڵەتی سووتان، ٢١ حاڵەتی خۆسووتاندن، ٣٢ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ٣١٥٢ سکاڵا تۆمارکراوە.
هەرێمی گەرمیان/ ١ حاڵەتی کوشتن، ٤ حاڵەتی خۆکوشتن، ٥ حاڵەتی خۆسووتاندن، ١ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ١٠٠٨ سکاڵا تۆمارکراوە.
هەرێمی ڕاپەڕین/ ١ حاڵەتی کوشتن، ٢ حاڵەتی خۆکوشتن، ٢ حاڵەتی خۆسووتاندن، ٢ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ٤٤٧ سکاڵا تۆمارکراوە.
سۆران/ ٢ حاڵەتی خۆکوشتن، ٢ حاڵەتی خۆسووتاندن، ٩ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی، ٣١١ سکاڵا تۆمارکراوە.
ئامارەکانی کاریگەری کۆرۆنا لەسەر توندوتیژی دژی ژنان بەپێی ڕووپێوی
بە پێی ڕووپێوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستی ژنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١، توندوتیژییەکان لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، کە کاریگەرییە زارەکی و جەستەیەکان لەناو خێزاندا لە ماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە پارێزگای سلێمانی ٢.١٪، هەولێر ٣.٠ ٪، دهۆک١.٠٪ وە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی ٢.٢٪ زیادیکردووە.
ئەو توندوتیژییانەی لە دەرەوەی خێزان بوون لە ماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی ٥٤.٥٪، هەولێر ٧٦.٦٪، دهۆک ١٠٠٪ لە هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە، بە شێوەیەکی گشتی لە هەرێمی کوردستانیش ٧٠.٣٪بووە، بەپێی ڕووپێوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی ژنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی توندوتیژی لەناو خێزان و دژی ژنان لە بەرزبوونەوە دایە و بۆ ئەوەش هۆشیاری پێویستە.