سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد
مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و ئامانجی سەردانەکەی وەک لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە توندوتیژی ژنان و کارکردنی منداڵ و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە خستەڕوو.
هەڵەبجە
ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە بە ئامادەبوونی هەریەک لە پارێزگاری هەڵەبجەو بەرێوەبەری یەکە ئیدارییەکانی هەڵەبجە پیشوازی کرا لە مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی کوردستان و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەدا کە هۆکاری سەردانەکەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە بەسەرکردنەوەی نووسینگەی مافی مرۆڤە لەو پارێزگایە و لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە کەموکوڕییەکان.
سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ وتیشی: مەبەستمانە تیشک بخەینەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە، بەتایبەت کەیسەکانی توندوتیژی ژنان و کارکردنی منداڵان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
سەردانەکەی مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەڵەبجە لە کاتێکدایە کە پێشتر سەردانی هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکی کردبوو، مەبەستی سەردانەکەشی ئاگاداربوون بوو لە نوسینگەی مافی مرۆڤی هەڵەبجە و دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدان بوو.