تاوانێکی دیکە، لە بەردەڕەش پیاوێک هاوژینەکەی کوشت

پیاوێک دوای کوشتنی هاوژینەکەی هەڵدێت و پۆلیس هەوڵی دەستگیرکردنی دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

تاوانەکانی کوشتنی ژنان و هەڵهاتنی بکوژ لە ڕووداوەکە تا دێت لە زیادبووندایە، ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دهۆک بڵاویکردەوە، لە گوندی نەزراوە لە سنوری شارۆچکەی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک، پیاوێک هاوژینەی خۆی کوشتووە و هەڵهاتووە.

 

بەپێی لێدوانی پۆلیس، ژنەکە تەمەنی نزیکەی ٣٠ ساڵ بووە و تاوانەکە دوای دروستبوونی شەڕێک بووە لە نێوان ژنەکە و تاوانبارەکەدا، دوای کوشتنی ژنەکەش تاوانبارەکە هەڵهاتووە، پۆلیس ئەوەشی ڕاگەیاندووە هەوڵدەدرێت تۆمەتباری تاوانەکە بەزووترین کات دەستگیر بکرێت.

 

ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان تا دێت ڕوو لە هەڵکشانە، لە ماوەی مانگی ئایاردا بە نزیکەی ١٠ حاڵەتی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان، یاخود هێرشکردنە سەر ژنان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە تۆمارکراوە، ئەوەی لە هەواڵەکانەوە بڵاودەکرێتەوە کوشتنی ژنان دەبەسترێتەوە بە کێشەی کومەڵایەتی و کوشتن بە ناوی شەرەف، بەڵام بنەڕەتی ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان، داگیرکارییەکانی سەر کوردستان، قەیرانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە ژنان بوونەتە بەرکەوتەی یەکەم و قوربانی سەرەکی.