ژنان لە ڕێپێوانەکەدا: پێویستە بەرەیەکی یەکگرتووی ژنان پێکبێت دژی داگیرکاری

ئەمشەو لە شاری سلێمانی ژنان ڕێپێوانیان دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری پەدەکە کرد و ئاماژەیان بەوەدا لە ئێستادا پێویستە بەرەیەکی یەکگرتووی ژنانی باشوری کوردستان دژ بە داگیرکاری پێکبێت.

سلێمانی

 

ئەمشەو لە شەقامی سالم-سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی بە پێشەنگایەتی دەستپێشخەری ژنانی باشوری کوردستان دژ بە داگیرکاری، ژنان ڕێپێوانێکیان دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکاریکردنی پەدەکە ڕێکخست و ئیدانەی ئەو ڕێکەوتنانەیان کرد کە خیانەتە لە گەل و نیشتمان.

 

لە ڕێپێوانەکەدا کە لە شەقامی سالمەوە دەستیپێکرد، سەدان کەس لە ژن، منداڵ، پیاو و کەسانی بەتەمەن بەشداربوون و دروشمەکانی بژی بەرخۆدانی گەریلا، بمرێ خیانەت، تیرۆریست ئەردۆغان وترانەوە، پاش گەشتنی ڕێپێوانەکە بۆ بەردەم زیندانی ئەمنەسورەکە، چرۆ شوانی، پارێزەر و چالاکوان بەیاننامەی دەستەی دەستپێشخەرییەکەی خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا جاری ٢٥ەمە کە دەولەتی تورکیا هێرش و ئۆپەراسیۆن بۆ سەر باشوری کوردستان دەستپێدەکات.

 

"دەبێت پشتیوانی شەرڤان و گەریلا بین"

چرۆ شوانی وتیشی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک هیچ هێرش و داگیرکارییەک بەبێ کرێگرتەیی ناوخۆ ئەنجام نادات و بۆی ناچێتەسەر، ئەمەش پەڵەیەکی ڕەشە لە مێژووی نەتەوەکەمان، بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە بەرەیەکی یەکگرتووی ژنان هەیە لە تەواوی کوردستان لە دژی هەموو هێرش و داگیرکاریی و پلانگێڕییەک، دەبێت پشتیوانی بەرخۆدانی ژنانی شەرڤان و گەریلا بین لە چیا ئازادەکانی کوردستان کە کەرامەت و خاک و هەبوونمان دەپارێزن.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ ڕۆژی تێکۆشانە دژی داگیرکاریی و کاتی ئازادیی و تێکشکاندنی داگیرکاریی و فاشیزمە، چیتر ڕازی مەبن داهاتوو سەروەتی ئەم خاکە ببێتە بۆمب و بە سەرماندا ببارێت.