دژی سیاسەتی پەراوێزخستن و تواندنەوە... "کۆبانێ ناسنامە و کەرامەتمانە"

ناوی کۆبانێ ڕەنگدانەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی شارەکە و گەلەکەیەتی، بەم ناونیشانەش میراس و مێژوو و کولتووری شاری کۆبانی دەپارێزرێت.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ ـ لە هەنگاوێکدا کە میراسی پەراوێزخستنی پەیڕەوکراو لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بیردەهێنێتەوە، حکومەتی کاتیی سووریا ناوی "عەین ئەلعەرەب"ی لە مامەڵە و پلاتفۆرمە فەرمییەکاندا بەسەر شاری کۆبانێدا سەپاند، ئەم بڕیارەش دەنگدانەوە و مشتومڕێکی بەربڵاوی لە ناوەند و شەقامی کوردیدا دروست کرد.

 

ناوی شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوا، واتا و گرنگییەکی تایبەتی لای گەلان هەیە، بەتایبەت لای خەڵکی شارەکە کە بە بەرخۆدان و خەبات ناسراون؛ چونکە ئەوان جیهانیان لە مەترسیدارترین هێزی تیرۆریستی داعش ڕزگار کرد، بەوەش شارەکە پێگەی خۆی لە ویژدانی جیهاندا بەدەستهێنا.

ئاژانسەکەمان دیمەنە مەیدانییەکان و ڕای چالاکوانانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان، توێژی گەنجان و ژنانی لە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوا بەسەرکردەوە، سەبارەت بە هەڵوێستیان بەرامبەر گۆڕینی ناوی شاری کۆبانێ بۆ "عەین ئەلعەرەب" لەلایەن حکومەتی کاتیی سووریاوە.

 

کەمپینی "کۆبانیێ ناسنامەیە"

"کۆبانێ ناسنامەیە" کەمپینێکی گەنجانەی کۆمەڵایەتی سەربەخۆیە کە لە شەشی تەمووز ئەم مانگەدا، لەلایەن گروپێک لە چالاکوانان، سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسانەوە دەستیپێکرد، بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ناوی شاری کۆبانێ تەنیا ناوێکی جوگرافی نییە بۆ شارێک، بەڵکو ناسنامەیەکی مێژوویی، کولتووری و مرۆییە کە گوزارشت لە ناسنامەی ئەو گەلە دەکات کە تێیدا دەژین. ئامانجی کەمپینەکە داواکردنی پاراستنی تایبەتمەندیی ناسنامەی شارەکەیە و کارکردنە بۆ چەسپاندنی ناوەکەی بەو شێوازەی کە لە ئاستی جیهانیدا بە "کۆبانێ" ناسراوە لە سەرجەم بەڵگەنامە و تۆمارە فەرمییەکاندا.

 

لەسەر دەستی توێژی گەنجان و لە ڕێگەی ئەم کەمپینەوە، چالاکی و بزووتنەوەی جۆراوجۆر ڕێکدەخرێن بە ئامانجی پاراستنی تایبەتمەندیی ناوی کۆبانێ و ڕەمزییەتی لەنێو کۆمەڵگە دێرینەکانی سووریادا، هەروەها کەمپینەکە کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەناو کۆمەڵگەدا لەسەر گرنگیی پاراستنی ناو و ناسنامەی شارەکە.

 

سەبارەت بە کەمپینەکە و گرنگییەکەی لەم قۆناغەدا، ڕەبیعە ئیتۆ، پەیامنێری کەناڵی ژن تیڤی و وتەبێژی فەرمی کەمپینی "کۆبانێ ناسنامەیە" بۆ ئاژانسەکەمان دوا و وتی: ئامانجی سەرەکی کەمپینەکە ئەوەیە کە ناوی عەین ئەلعەرەب لەلایەن حکومەتی کاتییەوە بۆ شارەکە بەکارنەهێنرێت، چونکە ئێمە لە لەدایکبوونمانەوە تا ئەمڕۆمان دەزانین ناوی شارەکەمان کۆبانێیە و بۆ هەمیشەش هەر بەم ناوە دەمێنێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد: لە شەشی تەمووزدا دەستمان بە کەمپینەکە کرد، لە ڕاستیدا دەبوو لە سەرەتای تێکەڵاوبوونەکەوە دەست بە کەمپینێکی لەم شێوەیە بکەین بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان، بۆیە ئەم کەمپینە زۆر پێویست بوو.

 

هەروەها وتیشی: ئەم کەمپینە پێشوازییەکی زۆری لێکرا لە ناوخۆی کۆبانێ، ڕۆژئاوا و تەنانەت لە ئەوروپاش، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەمپینەکە دەبێت. لەبەر ئەوەی ناوی کۆبانێ ڕەمزییەتێکی تایبەتی لای گەلی کورد هەیە و خاوەنی مێژوو و میراسێکی کولتوورییە، ئێمە ئەم ناوە تەنیا وەک ناوێکی جوگرافی بۆ شارێک نابینین، بۆیە کەمپینەکە هەوڵدەدات هێز و توانای گەنجان و کۆمەڵگە لە دەوری پرسی تایبەتمەندیی کۆبانێ ڕێکبخات، کەمپینەکە خزمەت بە بەرژەوەندیی شارەکە دەکات و یادەوەری کۆمەڵگە دەپارێزێت.

 

ڕەبیعە ئیتۆ سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە شاری کۆبانێ مێژوویەکی پڕ لە قوربانیدانی هەیە و بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی چەندین هێرش بووەتەوە، لەوانەش هێرشی داعش کە گەورەترین مەترسی بوو بۆ سەر مرۆڤایەتی، تا ئەمڕۆش هەر ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد: هیچ کەسێک ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە ناوی ئەم شارە کۆبانێیە، چونکە جیهان بەم ناوە ناسیویەتی.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕەبیعە ئیتۆ ڕایگەیاند کە کەمپینی "کۆبانێ ناسنامەیە" کاریگەرییەکی گەورەی لە ڕووی سیاسی، یاسایی و دیپلۆماسییەوە دەبێت و وتی: ئەمە تەنیا کەمپینێکی مەعنەوی نییە، بەڵکو لە ڕێگەی لیژنەی بەڕێوەبردن، لیژنەی دیپلۆماسی و لیژنەی چالاکییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت؛ چالاکی و بزووتنەوەی جۆراوجۆر ڕێکدەخرێن، نامیلکە و پروشەر دابەش دەکرێن، ناوی کۆبانێ لەسەر دیوارەکانی شارەکە دەنەخشێنرێت و ئەم لیژنانە هەموو ئەو ئەرکانە ڕادەپەڕێنن کە دەکەوێتە ئەستۆیان بۆ پاراستنی ناوی شارەکە. ڕوونیشی کردەوە: تێکەڵاوبوون دەبێت دیموکراتیانە بێت، ئێمە لە ڕێگەی ئەم کەمپینەوە دژی ئەو سیاستەی تەعریبە دەوەستینەوە کە ڕژێمی پێشووی سووریا دژ بە گەلی کورد پەیڕەوی دەکرد، داوای پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکانمان و هێشتنەوەی ناوە کوردییەکانیان دەکەین.

"لە ڕابردوو و داهاتووشدا ناوی شارەکەم هەر کۆبانێ دەمێنێتەوە"

شاری کۆبانێ کە خاکی بە خوێنی ڕۆڵەکانی ئاودراوە، پێگە و ڕەمزێکی جیاوازی لای تەواوی گەلانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت لای خەڵک و ژنانی شارەکە هەیە، لەسەر ئەم بنەمایەش، ژنانی شاری کۆبانێ هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر گۆڕینی ناوی شارەکەیان نیشاندا.

 

لەو چوارچێوەیەدا، وەحیدە سەید ئەحمەد لە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوا، گۆڕینی ناوی شارەکەی بۆ "عەین ئەلعەرەب" لەلایەن حکومەتی کاتییەوە ڕەتکردەوە و وتی: لە لەدایکبوونمانەوە و لەسەردەمی داپیرە و باپیرانمانەوە شارەکەمان بە ناوی کۆبانێ دەناسرێت، تا ئەمڕۆش کە تەمەنم گەیشتووەتە ٧٠ ساڵ، شارەکەم هەر کۆبانێیە و عەین ئەلعەرەب نییە. بۆچی عەین ئەلعەرەب؟ ئەمە شارێکە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، بەڵام دەسەڵات سیاسەتی تەعریبی بەسەر شارەکەماندا سەپاند و ناوی نا عەین عەرەب.

 

جەختیشی کردەوە: بەرخۆدان و خەباتمان تا دواھەناسە بەردەوام دەبێت، چۆن بە بەرخۆدانی خۆمان ناوی کۆبانێمان بە جیهان ناساند، بە خەباتیشمان ئەم ناوە دەپارێزین. بەڵام پێویستە لەسەرمان وەک ژنان و خەڵکی کۆبانێ، هەڵوێستی خۆمان بە ڕوونی دژ بە گۆڕینی ناوی شارەکە نیشان بدەین.

 

"شەهیدانی کۆبانێ ناوی شارەکەیان پاراست"

لەسەر دەستپێشخەرییەکی هونەریی گەنجانە، گەنجانی کۆبانێ بە ڕەنگ و شێوەکاری جۆراوجۆر دیوارەکانی شارەکەیان دەڕازێننەوە بۆ چەسپاندنی ناوەکەی؛ ئەم هەنگاوەش وەک وەڵامێکی داهێنەرانە دێت دژ بە هەوڵەکانی حکومەتی کاتی بۆ سەپاندنی ناوی "عەین ئەلعەرەب" بەسەر شارەکەدا، کە پێشتریش لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە سەپێنرابوو.

 

سەبارەت بە بەشداریکردنی ژنە هونەرمەندان لە کەمپینی "کۆبانێ ناسنامەیە"دا، ژنێکی گەنج بە ناوی ڕۆهلات دەروێش وتی: من و پێنج لە هاوڕێکانم دەستمان بە کەمپینێکی شێوەکاری لەسەر دیوارەکانی شارەکە کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی بەشداریکردنمان لە کەمپینی کۆبانێ ناسنامەیە و وەک ڕەتکردنەوەیەک بۆ ناونانی شارەکە بە عەین ئەلعەرەب. ئەو چالاکییانەی ئەنجامی دەدەین بریتین لە نەخشاندنی ناوی کۆبانی بە ڕەنگەکانی ئاڵای ڕۆژئاوا (سوور، سەوز و زەرد) لەگەڵ کێشانی تابلۆی جۆراوجۆر دەربارەی گەلی کورد و کوردستان بە گشتی، ئامانجێکی تریشمان لەم چالاکییانە جوانکردنی شەقام و دیوارەکانی شارەکەمانە بۆ ئەوەی وێنەیەکی جوان بە جیهان نیشان بدات.

 

وتیشی: ڕژێمی پێشوو لە سووریا، سیاسەتێکی نایاسایی بەرامبەر ناوچە کوردییەکان و گەلی کورد پەیڕەو کرد و ناوی شار و ناوچە کوردییەکانی گۆڕی کە کۆبانێش یەکێک بوو لەوان، دۆخی ئێستاش بە هەمان شێوەیە و حکومەتی کاتی هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات، بۆیە ئێمە تا دوا دڵۆپی خوێنمان بەردەوام دەبین لە پاراستنی ناوی کۆبانێ.