دژی بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ کاردانەوە بەردەوامە
دوێنی ١٦ی ئایار، دادگای تورکیا دەربارەی دۆزی کۆبانێ بڕیاریدا و سزای دەیان ساڵ زیندانیی بەسەر سیاسەتمەدارانی کورددا سەپاند، لە دژی ئەمەش ناڕەزایەتی فراوان نیشان درا و دەم پارتی ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە سیاسیی و بێبنەمایە.
ناوەندی هەواڵ
لە دۆسیەی کۆبانێدا، هاوسەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان "هەدەپە" فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە گەڵ ١٨ زیندانی دیکە لە کۆی ١٠٨ سیاسەتمەداری کورد، بە بیانووی هاندانی خۆپیشاندان و شەرمەزار کردنی هێرشەکانی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، لە ٦ تا ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ ، دوێنی ١٦ی ئایار لە دادگای سزای قورسەکانی ئەنقەرە دادگایی کران و بڕیاری زیندانی دەرکرا.
سەرۆکایەتیی دادگا بڕیاری کۆتایی خۆی ڕاگەیاند، لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیارەکەدا ئامادەبووانی ناو هۆڵی دادگا و پارێزەران بە لێدان لە مێزەکانی بەردەمیان، ناڕەزایەتییەکی گشتگیریان ئەنجامدا و بە وتنەوەی درووشمی "بژی بەرخۆدانی هەدەپە" ناڕەزایەتیان دەربڕی و هۆڵەکەیان چۆڵ کرد.
بڕیاری کۆتایی دادگا لەبارەی دۆسیەی کۆبانێ بەم شێوەیەیە:
فیگەن یوکسەکداغ: بە بیانووی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ڕێکخستن، بە ١٩ ساڵ زیندانیی سزا درا، هەروەها بە بیانووی "هاندان" ٤ ساڵ و شەش مانگی تر سزا درا، بە بیانووی، پروپاگەندە بۆ ڕێکخستن، ساڵێک و شەش مانگی تر سزا درا، لەگەڵ چەند سزایەکیتر کە بەگشتی ٣٢ ساڵ و ٩ مانگ سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
سەڵاحەدین دەمیرتاش: بە بیانووی “تێکدانی یەکێتی و یەکپارچەیی دەوڵەت ٢٠ ساڵ زیندانیی بۆ بڕایەوە، هەروەها بەبیانووی هاندانی جەماوەر ٤ ساڵ و شەش مانگی تر سزا درا، بەهۆی وتارێکی لە ٢١ـی ئاداری ٢٠١٦ بۆ جەژنی نەورۆز، ٢ ساڵ و شەش مانگی تر سزا درا، بەهۆی وتارێکییەوە لە ٢٩ـی شوباتی ٢٠١٦ لە ئامەد، بە بیانووی “هاندانی خەڵک بۆ یاسا شکێنیی، ساڵێک و شەش مانگی تر سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەکۆی گشتیی دەکاتە ٤٢ ساڵ زیندانیی.
ئەحمەد تورک: بە بیانووی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن" سزای ١٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.
ئەمینە عەینا: بە بیانووی "ئەندامێتی لە ڕێکخستن" سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
گوڵتان کشاناک: بە بیانووی ئەنداێتیی لە ڕێکخستن سزای ٨ ساڵ بەسەردا سەپێندرا. نیوەی سزاکەی بۆ زیادکرا و بوو بە ١٢ ساڵ.
هەروەها سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانی دیکەی پێشووی هەدەپە، لە ١٨ ساڵەوە تا ٣٠ ساڵ زیندانییان بەسەریاندا سەپێندرا.
کاردانەوە لە دژی بڕیاری دادگا'
پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" بڕیارەکەی دادگای دەوڵەتی تورکی لەسەر دۆزی کۆبانێ بە نایاسایی ناوبردو وتی: لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک داعش خەریک بوو شاری کۆبانێی داگیر دەکرد، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان و دیموکراسییانە لە سەرانسەری جیهاندا سەریهەڵدا، لەنێویاندا لە زۆرێک لە شارەکانی تورکیاش، لەم ناڕەزایەتییانەدا بەهۆی هێرشی پۆلیسەوە ٤٧ هاوڵاتی مەدەنیی، کە ٣٤ کەسیان ئەندام و لایەنگری هەدەپە بوون، لەلایەن گرووپەکانی لایەنگری داعشەوە کوژران، ئەمەش بە هاوکاری دەوڵەتی تورک، سەرەڕای بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش، حکومەتی ئێستای تورکیا بەردەوام بوو لە لێپرسینەوە لەسەر دۆزی کۆبانێ، دژی ئەندامانی هەدەپە، لەنێویاندا هاوسەرۆکەکانی هەدەپە فیگەن یوکسەکداغ و سەلاحەدین دەمیرتاش.
تۆمەتباران هەموو ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە، بەڵام دادگا لەژێر کاریگەری سیاسیی ڕووندا لە دادگاییکردنەکان بەردەوام بوو، دادگا بە ناڕەوا سزای سیاسەتمەدارەکانی هەدەپەی داوە لەسەر تۆمەتە بێ بنەماکان.
هەروەها ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش ئەو بڕیارەی شەرمەزار کردو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، دادگای تورکیا بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی خۆی بڕیارێکی سیاسیی دا، پێش هەموو شتێک، هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە، فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەدارانی کورد و تورکیا سزای توند دران، ئێمە بە توندی ئەو بڕیارە ئیدانە دەکەین و دەڵێین خەبات بۆ ئازادیی بەربەست ناکرێت.”
هەروەها پارتی گەلی کۆماری "جەهەپە" ناڕەزایەتی دەربڕی و گۆخان گونایدن، جێگری سەرۆکی جەهەپە وتی: بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێ ئەوە نیشان دەدات کە تورکیا چەندە لە وڵاتێکی یاسایی دوور کەوتووەتەوە.
سەزگین تانرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئامەد، بڕیارەکانی دۆزی کۆبانێی بە سیاسیی ناوبردو وتی مرۆڤ ناتوانێت بە پێوەرەکانی یاسا پاساو بۆ ئەم بڕیارانە بهێنێتەوە، ئەم دۆزە لەسەر بنەمای ئەجێندای سیاسیی دەستی پێ کرد و ئەنجام درا، ئێستاش بە پێی ئەو پێداویستییانە ئەنجامەکانی ڕادەگەیەنرێت.
گرووپی چەپەکانی پەرلەمانی ئەورووپا، لە دژی بڕیاری دۆزی کۆبانێ ناڕەزایەتییان نیشاندا و ڕایانگەیاند، چالاکی دژی هێرشەکانی داعش لە تورکیا بە تاوان هەژمار دەکرێت.