تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار کۆمەڵکوژی لە غەززە ئەنجامدراوە

هێزەکانی ئیسرائیل زیاتر لە سێ هەزار کۆمەڵکوژییان لە کەرتی غەززە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی جینۆساید کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێت، لە ڕۆژی ١٩١دایە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆسەر گەڕەکی دەراج لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و بەهۆیەوە ٢٥ کەس لە یەک خێزان کوژران، بەمەش ژمارەی کوژرانی خێزانەکان لە ماوەی یەک مانگدا گەیشتە زیاتر لە ٦٠ کەس.

 

دوێنێ، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە زیادکردوو و لە ئەنجامدا دەیان هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون و لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣زیاتر لە سێ هەزار کۆمەڵکوژی ئەنجامدراوە.

 

نووسینگەی حکومەت ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی برسێتی لە غەززە ٣٠ منداڵ مردوون، لە کاتێکدا تێس ئینگرام وتەبێژی یونیسێف پشتڕاستیکردووەتەوە کە کاردانەوەکانی شەڕ لەسەر غەززە کاریگەری جەستەیی و دەروونی لەسەر تەندروستی منداڵان بەجێدەهێڵێت و کاریگەری درێژخایەنیشی هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵانی کەرتی غەززە لە شەڕ و سەکتەیەکی گەورەدان چوونکە ڕووداوەکان یەک لە دوای یەک و بەردەوامن، بەبێ ئەوەی شوێنێکی سەلامەتیان هەبێت کە بتوانن پەنای بۆ ببەن، جەختیشی لەوەکردەوە هێشتا دەرفەتێک هەیە بۆ ڕێگریکردن لە برسێتی لە غەززە، ئەگەر دەروازەکان بکرێتەوە و هاوکاری مرۆیی و یارمەتییەکان بگات دۆخەکە باشتر دەبێت.

 

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین هەروەها بەڵگەی لەسەر ئەوە داوە کە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە لە نەبوونی سەرەتایترین پێداویستییەکانیان ژیان دەگوزەرێنن، ئەمەش زیاتر لە ٪٧٠ی دانیشتوانی غەززە لەخۆدەگرێت چونکە بەشی زۆریان تووشی نەخۆشییە درمیەکان بوون بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کەرتی غەززە ١١ هەزار بریندار هەن کە بارودۆخیان سەختە و پێویستیان بە چارەسەرە لە دەرەوەی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە ٣٥٠ هەزار نەخۆش بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن.

 

ژمارەی قوربانیانی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس حەوت مانگ لەمەوبەر بەرزبووەوە بۆ ٣٣ هەزار و ٦٨٦ کوژراو و ٧٦ هەزار و ٣٠٩ بریندار کە زۆرینەیان منداڵ و ژنن، لە کاتێکدا هەزاران کەسی بێسەروشوێن لە ژێر داروبەردی ماڵەکاندان و لەسەر ڕێگاکان ماونەتەوە.