دیلمان ئازاد: ئاسانترین چەکی پیاو بەرامبەر ژن پەنا بردنە بۆ ناوزڕاندنی شەرەف
دکتۆر دیلمان ئازاد پسپۆڕی پزیشکی دادوەری دەڵیت: "سەیرم دێت لەو بەسەرهاتانەی خەڵک کە دەیبینم لە ژیانی رۆژانەم سەرکەوتوترین و ئاسانترین چەکی پیاو بەرامبەر ژن لە کۆمەڵگای کوردەواری پەنا بردنە بۆ ناو زڕاندنی شەرەفی ژنەکە".

ناوەندی هەواڵ
دکتۆر دیلمان لەو بارەیەوە نوسیویەتی: "زۆر کات بینیومە ژنەکە هیچ کێشەیەکی نەبووە بەڵکو ئیهانەیان کردووە لەسەر شەرەف، بەڵام کاتیک کەلەسەر بابەتێک ژنێکی بێ تاوان دەکوژرێت ئەوا یەکسەر بیانووی شەرەف دەدرێتە پاڵی، بێ رەحمانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و گوێ نادرێت بە خێزانی و یان ئەگەر منداڵی هەبێت گوێ نادرێت بە منداڵەکانی کەچۆن لەپاڵ ئەو بیانویە ناشرینە بۆ دایکیان، بژین!".
دەشڵێت: "ئنجا کە بڵاوی دەکەینەوە وەک بەسەرهات پیاوانی دیکەش وەڵامیان بۆ بەسەرهاتەکە لە بری ڕێگریکردن لەو کارەساتانە دەنوسن دەستی ئەو پیاوە خۆش بێت دیارە ژنەکە شایەنی کوشتن بووە، من زۆر بیستوومە کە ژن دەهێنن بۆ پشکنین چۆن دەیهێنن و چی لەسەر دەڵێن و دەوروبەر چی دەڵێن لەسەری".
ئەو پسپۆرەی پزیشکی دادوەری ئاماژەبەوەدەکات، ئەگەر بێریک بکەینەوە لەهەمان کۆمەڵگا پێوەرێک دانەنراوە بۆ شەرەفی پیاو، بگرە زۆر جار بەرگری لێدەکەن و بۆی دەشارنەوە، پیاو زۆر جار هەر کێشەیەکی هەبێت لە تەندروستی جەستەوە نەتوانێت منداڵ بخاتەوە ئەوە بیر دەکەنەوە ژنێکی تری بۆ بهێنن، بەڵام ژنەکە بۆی نییە داوای هیچ شتیک بکات لەکاتێکدا ئەگەر ژن هەر کێشەیەکی تەندروستی هەبێت کە نەتوانێت منداڵ دروست بکات بێ هیچ دوو دڵیەک ژنی بەسەر دێت، دیارە مانای ئەوەیە کە تەنها پیاو حەزی لە وشەی "بابە" یە ژن حەزی لە وشەی "دایە" نییە.