دوورخستنەوەی دوو مامۆستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاردانەوەی لێکەوتەوە

لە شارۆچکەی جوانڕۆ خوێندکاران و مامۆستایانی خوێندنگەیەک پشتیوانی خۆیان بۆ دوو مامۆستا دەردەبڕن کە لە خوێندنگەی فێردەوسی کچان بەهۆی وتنەوەی سروودی نیشتمانی لە پیشەکانیان دوورخراونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

مێهری خوسرەوی زادە و زەیتون کۆهزادی هەر دوو مامۆستا لە خوێندنگەی سەرەتایی فێردەوسی کچان لە شاری جوانڕۆ بەهۆی ووتنەوەی سروودی “بەتەنیا جێم مەهێڵن” و “ڕێی خەبات” لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە پیشەکانیان دوورخرانەوە.

 

لە چوارچێوەی کاردانەوەکان دژی ئەم سزایە، لە شارۆچکەی جوانڕۆ خوێندکاران و مامۆستایانی خوێندنگەی  “باهونەر” پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو دوو مامۆستایە دەربڕی و جارێکی دیکە یەکگرتوویی و پشتیوانی خۆیان دژی سەرکوتکردنی مامۆستایانی کورد لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە دووپات کردەوە.

 

هەروەها دژایەتی خۆیان لە بەرانبەر سەرکوتکردن و نادادپەروەرییەکان بەرانبەر خوێندنگەی کچانی فێردەوسی دەربڕی کە دوو مامۆستای ژن بە تۆمەتی ووتنەوەی سروودی”ڕێی خەبات” و “بەتەنها جێم مەهێڵن” سزا دراون و لە پیشەکانیان دوورخراونەتەوە.