دووجار بە کۆچبەری ژیاوە: هەمیشە لە تێکۆشاندا دەبین
شێرین ئەحمەد، خەڵکی عەفرین کە بۆ جاری دووەم بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە کۆچی کردووە وتی: هەمیشە لە تێکۆشاندا دەبین.
زەینەب عیسا
ڕەققە- شەوی ٢٧ی تشرینی دووەم، چەتەکانی تەحریر شام هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب و کانتۆنی شەهبا، کۆچبەرانی عەفرین لەو شوێنانە دەژیان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دیسان هەزاران کەس کۆچیان کردو بەشێکی زۆریان تووشی توندوتیژی و کوشتن بوون، خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی بە پارێزراوی بژین، ڕوویان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.
ژنێک بەناوی شێرین ئەحمەد، خەڵکی شاری عەفرینی داگیرکراو، ناچار بوو بچێتە کانتۆنی شەهبا، چونکە دەوڵەتی تورکیا شاری عەفرینی داگیرکرد، جارێکی تر بەهۆی تەحریر شام کە کانتۆنی شەهبای داگیرکرد، کۆچی کرد بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
شێرین باسی ئەزموونی کۆچبەری بۆ ئاژانسەکەمان کرد.
"کاتێک لە شەهبا بووین هەمیشە هیوامان هەبوو بگەڕێینەوە بۆ عەفرین"
شێرین ئەحمەد چیرۆکی کۆچکردنی لە عەفرینەوە بۆ شەهبا گێڕایەوەو وتی: لە سەرەتاوە لە شاری عەفرین دەژیاین و ژیانێکی ئاساییمان بەسەر دەبرد، خەڵک هەمیشە دەیانوت هێرش دەکرێت، بەڵام ئێمە باوەڕمان بەوە نەدەکرد، بینیمان لە ساڵی ٢٠١٨ چەتەکانی تورکیا دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر شاری عەفرین و ئێمە لە ماڵ و حاڵی خۆمانەوە کۆچمان کرد بۆ شەهبا، وەک خەڵکی عەفرین لە ڕێگای کۆچدا ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر بووینەوە، زۆربەمان، خێزانەکانیان لە شوێنی خۆیان مانەوە و زۆر منداڵ و دایک لەیەکتر جیابوونەوە، کاتێک لە شەهبا بووین، هەمیشە ئومێدێکمان هەبوو کە بگەڕێینەوە بۆ عەفرین، وەک خەڵکی عەفرین هەرگیز وازمان لە هیوا نەهێناوە.
"دوژمن ناچاری کردین کۆچ بکەین"
شێرین باسی دووەمین کۆچی خۆی کرد لە شەهباوە بۆ شاری تەبقا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوای ٧ ساڵ لە کۆچکردن، لە شاری شەهبا درێژەمان بە ژیانمان دا، بەڵام دیسان چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشیان کردە سەر شارەکانی حەلەب و تل ڕەفعەت و شەهبا و جارێکی دیکە خەڵکیان ئاوارە کرد، بەڵام ئێمە وەک خەڵکی شەهبا شارەکەمان ڕادەستی ئەوان نەکرد، تا کۆتایی لە شار ماینەوە، بەڵام دوژمن ناچاری کردین شار بەجێبهێڵین و کۆچ بکەین، ئێمە پێشتر ڕوومان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە و ئێستا لە شاری تەبقا نیشتەجێ بووین، زۆر سەرما و سەختیمان بینی.
"خۆبەڕێوەبەری شوێنێکی پارێزراوی بۆ ئامادە کردین"
شێرین ئەحمەد ڕایگەیاند، خۆبەڕێوەبەری هەموو پێداویستیەکانی ژیانی بۆ ئامادە کردووە و شوێنی پارێزراوی بۆ دابین کردووە، وتیشی: کاتێک لە شەهباوە کۆچمان کرد و هاتینە تەبقا، جگە لەو ئۆتۆمبێلانەی کە کۆچمان پێکردبوو، هیچمان پێنەبوو، گەیشتینە تەبقا، خۆبەڕێوەبەری شوێنی پاریزراوی بۆ ئامادە کردین، منداڵەکانمان لە سەرما پاراست، خواردنی بۆ هێناین و نیشتەجێی کردین، دایکە گەورەکانیان لەگەڵمان بوون، زۆربەیان نەخۆش بوون، پزیشکەکان ئەوان و منداڵەکانیان هێنا و چارەسەریان کردن، وەک دانیشتووانی عەفرین هەرگیز ڕادەست نابین و هەمیشە لە تێکۆشاندا دەبین، تا وڵاتەکەمان لە دەست داگیرکەران ڕزگار بکەین، بە هیوای گەڕانەوەی عەفرین دەژین.