بۆ ناساندنی کولتوور دوو پرۆژەی گەشتیاری لە شارەدێی بیارە کرانەوە
بەمەبەستی زیاتر گرنگی دان بە کولتوورو شوێنەواری کوردی گوندەکانی کوردستان و لە چوارچیوەی کێبڕکێی گوندی جیهانی لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە دوو پڕۆژەی گەشتیاری لە بیارە کرانەوە.
میهرەبان سەلام
بیارە-دوێنێ بە ئامادەبوونی خەلکی بیارەو پارێزگاری هەڵەبجەو بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، بەمەبەستی زیاتر گرنگی دان بە کولتوورو شوێنەواری کوردی گوندەکانی کوردستان و لە چوارچیوەی کێبڕکێی گوندی جیهانی لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە دوو پڕۆژەی گەشتیاری لە بیارە کرانەوە.
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە وتی: لەسەر بودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە هەستاین بە ئەنجامدانی دوو پرۆژەی گەشتوگوزاری ئەویش بە ستراتیژی کردنی ڕێگەی نێوان باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان، کە خۆی دەبینیتەوە لە چەند بڕگەیەک و بە شێوەیەکی کولتووری ڕازاندومانەتەوە، ئامانجمانە خەڵک ئاشنا بکەین بە کولتوورمان و هیوادارین خانوەکان ببن بە داهات بۆ خەلک، هەروەها خەڵکیش ئاگادار بکەین لەوەی کە گرنگی دان بە کولتووری کوردی و پاراستنی کاریگەری دەبێت لە سەر جوان کردنی ناوچەکان، پێویستە بە کەرەستەی سروشتی ناوچە گەشتوگوزارییەکان بڕازێنینەوە.
ئەم پڕۆژەیە ماوەی ساڵێکە بەردەوامی هەیەو سەرجەم هەوڵەکان بەردەوامن تاوەکو گوندێکی گەشتیاری لێدێت.