دەوڵەتی تورکیا لە ماوەی یەک ساڵدا ٢٥ژن و ٤٥ منداڵی کردووەتە ئامانج
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کانتۆنی جزیرە، لە ساڵی ٢٠٢٤ لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، ٢٥ ژن و ٤٥ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
شیرین محەمەد
قامیشلۆ-چالاکییەکان و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچە داگیرکراوەکان بەردەوامن، لە ساڵی ٢٠٢٤ لەگەڵ فراوانکردنی پڕۆژەکەیان بۆ داگیرکردنی خاکی سووریا، پێشێلکارییەکان زیاتر بوون و لە ئەنجامدا کانتۆنەکانی شەهبا و مەنبج داگیرکران، دەوڵەتی تورک، ئەو ناوچانەی داگیری دەکات، دەیکاتە شوێنێک کە تاوان و کردەوەی نامرۆڤانە و پێشێلکاری تێدا ئەنجام دەدرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ساڵی ٢٠٢٤ بڵاو کردەوە، ئەمە بەڵگەی لەسەر ئەوە داناوە کە فڕۆکە سیخوڕیەکان ١٢٥ جار لە شوێنی جیاوازدا لێیانداوە و لە ئەنجامدا ٦ ژن و چوار منداڵ برینداربوون. هەروەها ١١٥ جار بە هاوەن ناوچەکەیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ٦ ژن و ٢٠ منداڵ بریندار بوون، هەروەها ٧ ژن و ١٦ منداڵیش گیانیان لەدەستدا، ەئەنجامی پێکدادانەکاندا دوو ژن و ٥ منداڵ بریندار بوون.
ئەو ڕێکخراوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی کردەوەی چەتەکانی داگیرکەری دەوڵەتی تورک ١٤ کەس ڕفێندراون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، جگە لەوەش لە ئەنجامی ١٧ تەقینەوە ٦ منداڵ بریندار بوون و ٦ ژن و دوو منداڵیش گیانیان لەدەستداوە. لە ئەنجامی ڕووداوە تاوانکارییەکاندا چوار ژن و ٨ منداڵ بریندار بوون، هەروەها ١٢ ژن و ١٢ منداڵ گیانیان لەدەستداوە، لە هەمانکاتدا دوو منداڵ لە سەفەری کۆچی خەڵکی عەفرین لە شەهبا گیانیان لەدەستدا.
ئەڤین جومعە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا باسی لە کردەوەو تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان کرد.
"ئەوان ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکەنە ئامانج"
لە سەرەتای قسەکانیدا، ئەڤین جومعە سەرنجی بۆ هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠٢٤ ڕاکێشا و وتی: لە ساڵی ٢٠٢٤دا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕتر کردەوە. ئامانج لەم هێرشانە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە، هەروەها ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا زیاد کرد، مەنبج و شەهبا داگیرکران، دوای داگیرکردنی مەنبج، چەتەکان دەستیان کرد بە کوشتن و دزی و تاڵانکردن و ڕفاندن و دەستدرێژیکردن و لەسێدارەدانی هاوڵاتیانی مەدەنی.
"بەهۆی ئەو کردەوانەوە جارێکی دیکە ئاوارە بوون"
ئەڤین جومعە باسی لە گەشتی ئاوارەکانی عەفرین و شەهبا کرد، کە چەتەکان هەموو ڕێگاکانیان داخست بۆ ئەوەی تاوانەکانیان دژی ئاوارەکان ئەنجام بدەن و وتی: دوای ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی هێرشەکانیان بۆ سەر شەهبا چڕترکردەوە، هەموو ڕێگاکانیان گرت ڕێگاوبانەکانی ناوچەکە بە ئامانجی گەمارۆدانی خەڵک و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکانیان، خەڵکی ئاوارەی عەفرین ناچار بوون جارێکی تر کۆچ بکەن و شەهبا بەجێبهێڵن، لەماوەی گەشتە دوورودرێژەکەی خەڵکی ئاوارەکانی عەفرین و شەهبا، خەڵکەکە تووشی دزی و ڕفاندن و قسەی بێ ئەخلاقی بوون لەلایەن چەتەکانەوە.
"هێرش بۆ سەر تشرین مەترسی دروست دەکات"
ئەڤین جومعە باسی لە هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کرد بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵی فراوانکردنی پرۆژەی داگیرکردنی خاکی سووریا و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەدات، هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە چونکە بەنداوەکە سەرچاوەی سەرەکی کارەبا و ئاوە بۆ ناوچەکە، بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین ژیانی هەزاران کەس دەخاتە مەترسییەوە.
"دۆسیەکان ئامادە کراون"
ئەڤین جومعە ڕایگەیاند کە چەندین دۆسیەی هێرشە داگیرکارییەکان و زیانەکانیان بەڵگە کردووە، لە کۆتاییدا وتی: ئێمە زۆر دۆسیەمان بەڵگە کردووە سەبارەت بە هێرش و کردەوەکانی داگیرکاری، بەتایبەتی کوشتن و دەستدرێژی و لەسێدارەدانی ژنان و منداڵان، هەروەها ئاوارەبوونی زۆرەملێ , بەڵگەدار کراور، هەوڵدەدەین ئەو دۆسیانە بنێرین بۆ ڕێکخراوە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ بەڵگەنامەکردنی کارەکان و ئاشکراکردنی ڕاستیەکانی داگیرکاری لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەوە.