دەوڵەتی تورکیا کەرتی پەروەردە دەکاتە ئامانج: ٦ خوێندنگە وێران بوون

لە کانتۆنی فورات لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ٦ خوێندنگە وێران بوون و لە هێرشی جۆراوجۆردا ١٨ خوێندکار و مامۆستا گیانیان لەدەستدا. جگە لەوەش ١٥٠ خوێندنگە بەهۆی هێرشەکانەوە نەیانتوانی بەردەوام بن لە خوێندن.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ-لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد کردووە، بە تایبەتی پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین و هەندێک شوێنی ناوچەی فورات بە چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی دەکرێنە ئامانج. ئەم هێرشانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگن، بۆیە دەبێت وەڵام بدرێتەوە.

 

ئەم هێرشە بەردەوامانە ڕاستەوخۆ سیستمی پەروەردەی کردۆتە ئامانج و کاریگەری نەرێنی لەسەر پەروەردەی هەرێم هەبووە. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی ئەم دواییە، ١٥٠ خوێندنگە لە کانتۆنی فورات لە خزمەتگوزاری دەرچوون و هەزاران خوێندکار بێ خوێندن مانەوە.

 

فاتمە شێخ عوسمان، مامۆستا و پەروەردەکار ڕایگەیاند کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەبەردەم چاوی جیهاندا ڕوودەدەن و ئاماژەی بەوەدا کە بەئامانجگرتنی دامەزراوە پەروەردەییەکان تاوانی جەنگە و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

 

٦ خوێندنگە وێران بوون

سوپای تورکیا و چەتەکانی سەر بە تورکیا هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی خوێندن لە کانتۆنی فورات، ئەو خوێندنگانەی بە چەکی قورس و بۆردوومانی ئاسمانی وێران بوون بریتین لە: خوێندنگەی شەقامی شیکەفتە، تل عەبیر، شیروسە، دیکان، قەرەقۆزاق، خوێندنگەی حورییە.

 

١٨ خوێندکار و مامۆستا گیانیان لەدەستدا

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەرێمی فورات سەبارەت بە بەئامانجکردنی دامودەزگاکانی خوێندن، لە ئەنجامی هێرشەکانی دوو مانگی ڕابردوودا ١٨ خوێندکار و مامۆستا گیانیان لەدەستداوە و ٨ خوێندکار و مامۆستاش برینداربوون.

 

کاریگەرییە دەروونییەکان

فاتمە شێخ عوسمان، وتەبێژی نوسینگەی ژنان لە لیژنەی پەروەردە و فێرکردن ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە نەک تەنها زیانی جەستەیییان لێکەوتووەتەوە، بەڵکو زیانی بە تەندروستی دەروونی منداڵانیش گەیاندووە و وتی: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر خەڵک و بەتایبەتی منداڵان هەیە، بەردەوام بۆردومان و هێرشەکان زیان بە تەندروستی دەروونی منداڵان دەگەیەنێت و ئاستی خوێندنیان کەمدەکاتەوە.

 

فاتمە شێخ عوسمان ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی ئاستی خوێندەواری، وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری و نەبوونی ئاو و کارەبا و ئەو فشارەی بەهۆی شەڕەوە دروستبووەو خوێندکار ناتوانێت درێژە بە خوێندن بدات، ناتوانێت ئەرکی ماڵەوە تەواو بکات، هەموو توخمە بنەڕەتییەکانی خوێندن نەماون. ئەم دۆخە کاریگەری خراپی هەیە نەک تەنها لەسەر پێشکەوتنی پەروەردەیی، بەڵکو لەسەر دەروونناسی قوتابیانیش.

 

داخستنی خوێندنگەکان و زیادبوونی ژمارەی خوێندکاران

ئەو خوێندنگانەی بەهۆی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکەوە وێران بوون، قەیرانی پەروەردەی ناوچەکەی لێکەوتەوە. بەهۆی داخستنی ١٥٠ خوێندنگە ژمارەی خوێندکاران بۆ خوێندنگەکان ئێستا زیادی کرد.

 

فاتمە شێخ عوسمان دۆخەکەی بەم شێوەیە پێناسە کرد: بەو پێیەی خوێندنگەکانی ناوچە گوندنشینەکان لە هێرشەکاندا وێران بوون، دەوام لە خوێندنگەکانی شارەکان بە باشی ئەنجام نەدرا، هەزاران خوێندکار کە خوێندنگەکانیان وێران بوون، ناچار بوون لە خوێندنگەکانی ئێستا خوێندن وەربگرن. بەهۆی ئەم دۆخەوە، لە هەر پۆلێکدا لانیکەم ٤٠ خوێندکار هەیە، ئەمەش ئاستی خوێندنیش کەم دەکاتەوە.

 

بێدەنگی کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی یاساکان

فاتمە شێخ عوسمان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگ بوون و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجگرتنی دامەزراوە پەروەردەییەکان و نەخۆشخانەکان لە کاتی شەڕدا قەدەغەیە، بەڵام تورکیا ئەو تاوانانە لەبەردەم چاوی هەموو وڵاتانی جیهاندا ئەنجام دەدات، منداڵەکانمان بێبەشن لە خوێندن، لە ترس و تیرۆردا دەژین.

 

فاتمە شێخ عوسمان ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگن و وتی: ئەو ڕێکخراوانەی خۆیان وەک بەرگریکاری مافی مرۆڤ پیشان دەدەن لە کوێن؟ بۆچی ئەو دامەزراوانەی بانگەشەی پاراستنی مافی منداڵان دەکەن بێدەنگن؟ ئەگەر بەڕاستی جددی بوونایە لە پاراستنی مافەکانی منداڵان، ئەوا هەڵوێستێکی جددییان بەرامبەر بەو تاوانانە نیشان دەدا.