پێکهاتەکانی سووریا: کۆمەڵکوژی دژی عەلەوییەکان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی

پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سریانی و ئەرمەنی حەسەکە جەختیان لەوە کردەوە کە کۆمەڵکوژی و کردەوەکانی دژ بە گەلی عەلەوی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و داوایان کرد بانگەوازی بەئاگابوونەوە بۆ هەموو گەلانی سووریا بکرێت و ئاستی خەبات دژی جیهادییەکان بەرز بکەنەوە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- لە ٦ی ئادارەوە کۆمەڵکوژی نامرۆڤانە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشە لە ناوچە کەناراوەکان بە بیانووی "پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو" دژی گەلی عەلەوییەکان ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا زیاتر لە هەزار کەس کوژران. ژنانی پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سریانی، ئەرمەنی حەسەکە لە ڕێگەی ئاژانسەکەمانەوە ناڕەزایی خۆیان دەربڕی.

 

"بێدەنگی شەرمەزارییەکی مێژووییە"

گوڵ محەمەد کە لە پێکهاتەی کوردە، بە توندی ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییەی دژی گەلی عەلەوی کردو وتی: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هیوای پێکهاتەکان زیاتر بوو، کە بتوانن بە دەنگ و ڕەنگی خۆیان لە سووریا بژین، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جیهادییەکانی هەتەشە لە شارەکانی سووریا وەک لازقیە و حومس و تەرتوس کە زۆربەی عەلەوییەکان تێیدا دەژین، کۆمەڵکوژی دژی ژنان و منداڵان و خەڵک ئەنجام دەدەن و تووشی توندوتیژی و ستەمکاریی دڕندانە و نامرۆڤانە بوون، لەمڕۆدا بێدەنگی هەیە لەو بارەیەوە، چونکە سیستمە دەسەڵاتدارەکان لەسەر خوێنڕشتنی خەڵک بونیاد نراون و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن، کاتی خەباتە. بێدەنگی ئێستا شەرمەزارییەکی مێژووییە، کوان ڕێکخراوە مرۆییەکان؟ ئەی مافی مرۆڤ چییە؟ ژن و منداڵ و بەساڵاچووان دەکوژرێن، تاوانیان چییە؟ دوێنێ جینۆساید لە دژی گەلانی ئەرمەن و ئێزدی و کورد و سووریا ئەنجامدرا و ئەمڕۆش دژی گەلی عەلەوی ئەنجامدرا، سبەی کێ دەبێت؟ وەک ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم کۆمەڵکوژیانە قبوڵ ناکەین، دەمانەوێت پێکەوە لە ئاسایش و ئارامی لە سووریا بژین.

 

"دەیانەوێت قەیرانی سووریا قوڵتر بکەنەوە"

لە درێژەی قسەکانیدا گول محەمەد ڕایگەیاند کە حکومەتی کاتی ئەمڕۆ بەم کۆمەڵکوژی و کردەوانە قەیرانی سووریا قووڵتر دەکاتەوەو وتی: بەم ڕووداوانەی کە ڕوویانداوە، ئەوە ڕوون بووەتەوە کە هەتەشە ڕێکخراوێکی جیهادییە و نوێنەرایەتی ڕێکخراوی داعش دەکات و دەستی لەگەڵ تورکیا تێکەڵ کردووە لە جینۆسایدی گەلی سووریا، بانگەوازی من بۆ گەلی سووریا دژی پلانەکانی جینۆساید دەستی یەکبگرن و بۆ مافەکانتان بوەستن. چاوەڕێی هیچ کەسێک ناکەین، بە هاودەنگی خۆمان وەڵام دەدەینەوە.

 

"سووریا بەرەو مەترسییەکی گەورە دەڕوات"

نەوال سالوم کە لە پێکهاتەی سریانییە ڕایگەیاند کە سیاسەتەکانی جینۆساید و کاولکاری ڕوون بووەتەوە و وتی: لە کاتێکدا کە هەمووان لە ٨ی ئاداردا پێشوازیان لە ڕۆژی جیهانی ژنان دەکرد و ئاهەنگیان دەگێڕا، ژنان و منداڵانی عەلەوی لە سووریا تووشی کۆمەڵکوژی کران، سووریا بە دەوڵەمەندی نەتەوەکانی ناسراوە، بەڵام ئەم گروپانە زوڵم و چەوساندنەوەیەکی زۆریان لە لایەن ڕژێمی سوریاوە بەسەر بردووە. ئێمە لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا ئومێدمان بە ئازادی و دیموکراسی هەبوو، بەڵام بەداخەوە بەو کۆمەڵکوژییانەی کە هەتەشە دژی گەلی عەلەوییەکان ئەنجامی دەدات، سووریا بەرەو مەترسییەکی زۆر گەورە دەڕوات، ئامانجی حکومەتی کاتی بریتییە لە پێشخستنی گەلی سووریا بەرەو جینۆساید بە وروژاندنی ئاژاوەگێڕی و شەڕی ناوخۆ، وەک ژنانی سووری داوا لە هەموو ژنانی سووریا دەکەین یەکبگرن و دژی ئەم عەقڵیەتە ڕاپەڕین کە بۆ ئایندەی ژنان و گەلان مەترسیدارە.

 

"هیچ ئایین و بیروباوەڕێک کۆمەڵکوژی قبوڵ ناکات"

نەجاح حەواس کە بەڕەچەڵەک عەرەبە، ڕایگەیاندووە کە جینۆساید لە هیچ ئایین و باوەڕێکدا قبوڵ ناکرێت و وتی: لە مانگێکی پیرۆزداین، مانگی ڕەمەزانە، ئەو کردەو کۆمەڵکوژییانەی کە لەلایەن هەتەشە ئەنجامی دەدەن دژی ڕەوشتی مرۆڤن و هیچ ئایین و باوەڕێک ئەمە قبوڵ ناکات، چۆن دەتوانین ئەمڕۆ بە سووریای نوێ یان دیموکراسی ناوی ببەین لە کاتێکدا کۆمەڵگەی عەلەوییەکان تووشی جینۆساید دەبن؟ ڕاپەڕینی گەل لە دژی ڕژێمی بەعس لەبەر ئەوە ڕوویدا کە مافی دەنگدەران پێشێل دەکرا و ڕەت دەکرایەوە، ئێمە ئەمڕۆ هیچ جیاوازییەک لەم کارانەدا نابینین کە دژی عەلەوی ئەنجام دەدرێن، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئایندەی گەلی سووریا هەیە، داوا لە هەموو ژنان دەکەین ڕێکخراوەکەیان بەهێزتر بکەن و وەڵامی ئەم پرۆسەی بوون و نەبونە بدەنەوە.

 

"سیناریۆی ساڵی ١٩١٥ لە سووریا دووبارە دەبێتەوە"

هایستان کاڤۆریان هەروەها سەرنجی بۆ جینۆسایدی ساڵی ١٩١٥ ڕاکێشا کە دژی گەلی ئەرمەنستان ڕوویدا و تا ئێستاش دژی عەلەوییەکان بەردەوامە وتی: گەلی ئەرمەنیش تووشی جینۆسایدێک بوو لەسەر دەستی عوسمانییەکان، ئەمڕۆش دەبینین هەمان جینۆساید بەرامبەر عەلەوییەکان ئەنجام دەدرێت، ئەگەر دوێنێ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو، ئەمڕۆ حکومەتێکی کاتی پێکدەهێنێت، بەڵام سیاسەت وەک خۆیەتی و ژیانی خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئێمە دەڵێین سووریا بەبێ ڕەنگ و دەنگی عەلەوییەکان قبوڵ ناکرێت، چونکە ئێمە تەواوکەری یەکترین و بە بوونی هاوبەشمان سووریایەکی دیموکراسی و ئازاد بونیاد دەنێین.