دوێنێ، کەنار، ئەمڕۆ، سوەیدا... شەڕێکی تائیفی لە سووریا
سوورییەکان هیوایان بۆ گۆڕان بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەبوو، بەڵام لەگەڵ هاتنە دەسەڵاتی جیهادییەکانی هەتەشە ڕاستییەکە جیاواز بوو، ستەمەکە کۆتای نەهات بەڵکو ستەمکار گۆڕا، چونکە ئەوەی ڕژێمی بەعس لە ماوەی ٥٢ ساڵدا ئەنجامیداوە لە ٧ مانگدا کورتکرایەوە.

سیلڤا ئیبراهیم
حەسەکە- کوشتن و کۆمەڵکوژی و تائیفەگەری بوونەتە ڕاستییەکی بەردەوام لە سووریا لە دەسەڵاتی حکومەتێکدا کە پێکهاتووە لە فراکسیۆن و کەسایەتییەک کە پێشتر وەک تیرۆریست دەستنیشانکرابوون، پەیکەری کۆمەڵایەتی سووریایان بە توندڕەوییان پارچە کردووە، کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوەکان و لە سوەیدا دژی پێکهاتەی عەلەوی و دروز، بۆردوومانی کڵێسای ئیلیاس و هەڕەشە تاکەکەسییەکان لە دژی هاوڵاتیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نموونەی زیندوون کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن.
٦ی ئادار بۆ پێکهاتەی عەلەوییەکان لە کەناراوەکانی سووریا ڕۆژێکی ئاسایی نەبوو، خۆر بە پێکەنینی منداڵان و نە دەنگی زیندووانەی دایکان هەڵنەهات، بەڵکو ئەو بەیانییە بە دەنگی فیشەک لە خەو هەڵسان و خۆر بۆ لاشەی عەلەوییەکان هەڵهات، کاتێک جیهادییەکانی هەتەشە هێرشیان کردە سەر کەناراوەکانی سووریا بۆ قڕکردنی پێکهاتەی عەلەوییەکان بە بیانووی ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد، کۆمەڵکوژییەکان ڕاستی ئەم هێرشەیان ئاشکرا کرد، ئەمەش لەلایەن (ن.ع.)ەوە پشتڕاستکرایەوە، کە ژنێکی عەلەوی بوو لە هەموو وردەکارییەکدا بەو ترسناکییەدا ژیاوە کاتێک منداڵەکانی گیریان خواردووە لە چنگی جیهادییەکان کە هەرکەسێک جیاواز بێت لە ئایین و بیروباوەڕی خۆیان بە کافر سەیر دەکەن وکوشتنیان بە دروستی دەزانن.
جینۆساید لە شێوەی تاوانی تاکەکەسیدا بەردەوامە
پێش ٦ی ئادار، (ن.ع.) ناچار بوو بانیاس و ناوچەی کەنار دەریاکان بەجێبهێڵێت بۆ کارەکەی، وتی: من لە دەرەوەی بانیاس بووم کاتێک جیهادییەکانی هەتەشە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی کوشتن و تاڵانکردن کرد، شتە ترسناکەکە لەدەستدانی پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەم بوو لەو کاتەدا، بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە، لە کاتێکدا من لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندیم لەگەڵیان کرد، بۆم ڕوون بووەوە کە مردن لە دەوروبەریاندایە، لاشەی مردووەکان لەدەوو روبەریاندا دەسوتێنرێن، ٦ی ئادار ڕۆژی تیرۆر بوو، چونکە بە هەواڵی کۆکردنەوەی گشتی بۆ کوشتنی پێکهاتەی عەلەوی لە خەو هەڵساین، لێرەدا وتمان مردن بۆ هەر ئەندامێکی پێکهاتەی عەلەوی چاوەڕوان کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی هێرشیان دەکردە سەر و ماڵەکانیان دەسووتاند، شێوەیان کە سووری نەدەچوو، ئەم دۆخە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، بەبێ ئاو و کارەبا، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ماوەی مانگێک لەدەرەوەی بانیاس مابوومەوە، چونکە کوشتنەکان نەوەستاون، خێزانەکەم ڕێگریان لێکردم بگەڕێمەوە لەپێناو سەلامەتی خۆم، فراکسیۆنەکان لەهەر گوندێکدا کە دەچوونە ژوورەوە کۆمەڵکوژییان ئەنجامدەدا، ئەمە جگە لە تاڵانکردن و دزیکردن، هەموو ماڵەکانی ناو ئەو گوندانەی کە چۆڵکرابوون سووتێنران.
ڕوونیکردەوە کە ئەم کۆمەڵکوژی و هێرش و ئاژاوەگێڕییە بەربڵاوانە ئاسایشی ناوچەکەیان دزیوە، دۆخی ئابووری بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، واتە پێداویستییە سەرەتاییەکان نەماون، زانکۆکان لە خوێندکاران بەتاڵ کراون، ئێستاش عەلەوییەکان بە بێدەنگی دەکوژرێن، پێشتر کۆمەڵکوژی بەکۆمەڵ هەبووە، بەڵام ئێستا کۆمەڵگەی عەلەوییەکان لە شێوەی کەیسی تاکەکەسیدا تووشی جینۆساید دەبن، کەناراوەکانی سووریا ڕۆژانە شایەتحاڵی کوشتن و ڕفاندنن، بەهۆی ئەم دیاردانەوە کەس ناوێرێت ماڵەکانیان بەجێبهێڵێت.
"حکومەتێکی تۆڵەسەندنەوە نەک حکومەتێکی ڕاگوزەر"
(ن.ع.)ڕوونیکردەوە کە ئەو و هاوکارەکانی هیوایان بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هەبووە، پێیانوابوو ئەوە ڕێگە بۆ سیستەمێکی دادپەروەرتر خۆش دەکات، بەڵام ئەوەی بەدوایدا هات لەوەش خراپتر بوو. کوشتنەکان بەبێ هیچ پاساوێک دەستیان کرد بە ئامانجکردنی کەسانی بێتاوان، لە کاتێکدا دەکرا لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە بەڕاستی بەرپرسیارن و ئەوانەی دەستیان لە خوێنڕشتنەکەدا هەبووە، لەبری ئەوەی پەنا بۆ سزای بەکۆمەڵ ببرێت کە بەهۆی کردەوەی تاکێکەوە تەواوی پێکهاتەیەکی کردە ئامانج.
پرسیاری ئەوەی کرد، ئەگەر منداڵ و ژن و زانا و ڕۆشنبیران بکوژرێن، چۆن سووریا ئاوەدان دەکرێتەوە؟، گرتنەبەری شێوازە سەرکوتکەر و تایبەتیەکانی ڕژێمی پێشوو ناتوانێت ڕێگایەک بێت بۆ بونیادنانی نەتەوەیەکی نوێ، بەڵکو دەبێتە هۆی حکومەتێکی تۆڵەسەندنەوە نەک ڕاگوزەر.
"ئەو کەسەی دەستەکانی بە خوێنی ئێمە سوور بێت چۆن دەتوانێت ئاسایش دابین بکات؟"
لە کاتی کۆمەڵکوژی کەناراوەکاندا، سەرکردایەتی هەتەشە ڕایگەیاند کە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن کە بەرپرسیارن لەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە، بەڵام (ن.ع.) ناڕەزایی خۆی لە ڕاستی سەر زەوی دەربڕی و وتی: ئێمە تووشی شۆک بووین کاتێک بینیمان ئەو کوتلانەی کۆمەڵکوژییەکانیان ئەنجامدا تێکەڵ بە وەزارەتی بەرگری کرد، و بەشێک لە ئەندامەکانیان دەستنیشانکران بۆ ئاسایشی گشتی، ئەو دەستەیەی کە بڕیار بوو ئاسایش دابین بکات، چۆن کەسێک خوێنی ئێمەی ڕشت و ئاسایشی ئێمەی دزی، بەرپرسیار دەبێت لە پاراستنی ئێمە؟
ڕوونیشیکردەوە، لەبەرئەوەی ئاسایشی گشتی یاسای خۆی لە حکومەتەوە وەردەگرێت، بووەتە پەناگەیەک بۆ هەر کەسێک کە بەدوای کاریگەرییدا دەگەڕێت کە ڕێگەی پێدەدات بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک ژن بدزێت و بکوژێت و دەستدرێژی بکاتە سەر ژنان، تەنها پەیوەستبوون بە ئاسایشی گشتی دەسەڵاتیان پێدەدات بەبێ ڕێگریکردن و لێپرسینەوە هەر تاوانێک ئەنجامبدەن.
"تایفەگەری لە سووریا بڵاوبووەتەوە"
هەروەها ئاماژەی بە یەکێک لەو ڕووداوانە کرد کە لەسەر دەستی دراوسێکانی تووشی بووە، کە هاوڵاتیانی ئیدلیبن، وتی: لەسەر پرۆژەیەکی فریلانس کارم دەکرد، هەموو ڕێکارەکان و کاغەزەکانم یاسایی و فەرمی بوون لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت، دراوسێکەم ئاڵەنگاری کردم بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەکەم و بە زارەکی هەڕەشەی لێکردم، دوای هەفتەیەک چەکداری هێنایە ماڵەکەم و هەڕەشەی لێکردم، سەرەڕای تۆمارکردنی سکاڵا لە ئاسایشی گشتی، ئەوان ڕێکاری پێویستیان نەگرتەبەر، دراوسێکەشم بەیاوەری چەکدارەکان لە هەڕەشە کردن نەوستا، هەموو ئەم ڕووداوانە ئێمەی ترساندووە، چونکە پێشتر دۆخێکی لەو شێوەیەمان بەسەر نەهاتووە، لە ماوەی ساڵانی قەیرانی سووریا و لێشاوی هاوڵاتیانی لە ناوچەکانی دیکەی سووریا بۆ کەناراوەکان، دژایەتی کەسمان نەکرد، بە پێچەوانەوە هاودەنگی کۆمەڵایەتی لەنێوان پێکهاتەکان و هاوڵاتیانی ناوچەکەدا هەبوو، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی هەتەشە بۆ دەسەڵات لە دیمەشق، دەرکەوتنی تائیفی بڵاوبووەتەوە لە سەرانسەری سووریادا، بەتایبەت دەرکەوتنی چەکدارە دەمامکدارەکان، جگە لە کەیسەکانی کوشتن و تۆڵەسەندنەوە و ڕفاندن و دزیکردن و کۆیلەکردنی ژنان، ئەمەش پاڵ بە هەمووانەوە دەنێت بۆ کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات.
هەروەها باسی لە ئاگرکەوتنەوەکان کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەدرێژایی کەناراوەکانی سووریا پەرەی سەندووە، ئایا وا باوەڕپێکراوە کە ئاگرەکان بتوانن بۆ ماوەی دە ڕۆژ بەردەوام بن بەبێ ئەوەی بکوژێنرێنەوە؟ هەموو ئەو شتانەی لە کەناراوەکاندا ڕوودەدەن بە ئەنقەستن، تەنانەت سروشت و ژینگەش لەلایەن ئەم کوتلانە ڕزگاریان نەبووە، هەڵوێستی سوورییەکان سەبارەت بەم پێشێلکارییانە ڕوون کردەوە، سووریاکان ناڕازین لە دەرئەنجامی ئەم شۆڕشە، چونکە شۆڕشەکان گەلان بەرەو ئازادی و ئاسایش و دادپەروەری دەبەن، بەڵام ئەوەی ئێمە شاهیدی دەبین شۆڕشێکی کوشتن و دیلکردن و ئاگرتێبەردان و ڕفاندنە، هاوڵاتیانی سووری بەهۆی ناسنامەکەیانەوە دەکوژرێن و جیاوازی هەیە لەنێوان پێکهاتەیەک و پێکهاتەیەکی تردا، بەو پێیەی هەندێک ڕێگە بە کوشتن دەدەن لە کاتێکدا هەندێکی تر بەرز دەکرێنەوە بۆ پۆست و کارە باڵاکان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، (ن. ع.) جەختی لەسەر پێویستی دامەزراندنی ئاسایش لە سووریا کردەوە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە چەسپاندنی ئاسایش و نەهێشتنی قسەی تائیفییە، چونکە ئێمە لەکۆتایدا سووریین، بە تاڵێکی کۆمەڵایەتی یەکگرتووین کە مێژووی گرتۆتەوە، لە ڕێگەی هاوپشتی و قبوڵکردنی ئەوانی ترەوە دەتوانین سووریایەکی باشتر ئاوەدان بکەینەوە و حکومەت دەبێت بەشداری بکات لە بەهێزکردنی ئەمە نەک یاریکردن لەسەر هێڵە تائیفی و ئایینییەکان، هەروەها دەبێت دۆخی ئابووری باشتر بکرێت، بەو پێیەی دۆخی ئابووری کەناراوەکان خراپتر بووە.