دوای چەند ڕۆژێک لە دەستگیرکردنی نێرگس محەمەدی چارەنووسی بە نهێنی ماوەتەوە

دەستگیرکردنی نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافی مرۆڤ، نیگەرانی خێزانەکەی و پارێزەرانی لێکەوتۆتەوە، پشتڕاستیشیان کردۆتەوە، کە لێی دراوە، هەروەها دەسەڵاتدارانیش ڕەتیانکردۆتەوە پشکنینی پزیشکی سەربەخۆی بۆ بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگز محەمەدی یەکێکە لە دیارترین داکۆکیکارانی مافی ژنان و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە ئێران، کە ١٠ساڵی تەمەنی لە پشت مێزی دادگا بەسەر بردووە، هەروەها  لە ماوەی زیندانیکردنیدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ چالاکییەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ کە سێ دەیە درێژەی کێشاوە.

 

بنەماڵەی نێرگس محەمەدی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و پارێزەرەکەی دووپاتیان کردۆتەوە، کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی مانەوە و بارودۆخی تەندروستی نییە، سەرەڕای ئەوەی چوار ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنیدا تێپەڕیوە.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران هەینی ڕابردوو نێرگس محەمەدییان لە مەشهەد دەستبەسەرکرد، دوای ئەوەی بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی پارێزەر خوسرەو عەلی کۆردی کرد، کە مردنەکەی بە "گوماناویی" پێناسەکرد.

 

برای نێرگس محەمەدی ڕایگەیاندووە، کە بنەماڵەکە زانیاری زۆر سنوورداریان هەیە سەبارەت بە تەندروستی و بارودۆخی دەستبەسەرکردنی، نیگەرانییەکی زۆریشی لە چارەسەرکردنی دەربڕیوە، وتی: ئەم نیگەرانیانە دوای پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ برایەکی دیکەم لە ناوخۆی ئێران لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەدا توندتر بوون، کە بە هۆکاری ئاسایشی ڕەتیکردەوە ناوی خۆی ئاشکرا بکات.

 

ڕوونیشی کردەوە، کە نێررگس محەمەدی لە میانی پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا پشتڕاستی کردووەتەوە، کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە سەری و دەموچاو و ملی دراوە و پێشبینی دەکرێت تۆمەتی "هاوبەشی دژی کۆماری ئیسلامی" بخرێتە پاڵ.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئاسایشییەکان نێرگس محەمەدییان لەگەڵ ۳۹چالاکوانی دیکە دەستگیرکردووە، بۆیە داوای هەڵسەنگاندنی پزیشکی سەربەخۆی کردووە، بەڵام داواکارییەکەی ڕەتکراوەتەوە.

 

داواکاری گشتی لە مەشهەد ڕایگەیاند، کە نێرگس محەمەدی و برای پارێزەری کۆچکردوو خوسرە عەلی کوردی لە میانی یادەکەیدا لێدوانێکیانداوە کە بە "وروژێنەر" پێناسەکراون، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردووکیان هانی وتنەوەی "دروشمی نا نەریتیان" داوە.

 

شیرین ئەردەکانی، پارێزەری فەرەنسی، ڕایگەیاند، کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە نیازن سزا هەڵپەسێردراوەکان دژی نێرگس محەمەدی کارا بکەن و بەم زووانە بیخەنە بەردەم دادوەر، جەختیشی لەوە کردەوە، کە نێرگس محەمەدی جگە لە کارکردن بۆ ئازادی ڕادەربڕین هیچ تاوانێکی دیکەی ئەنجام نەداوە، هەروەها  ئەو دۆسییەیە وەک بەڵگەیەک لەسەر هەڵمەتی سەرکوتی ڕژێمی ئێران لە دژی چالاکوانان دەخاتە بەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

 

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، دووبارە دەستگیرکردنی نێرگس محەمەدییان شەرمەزار کرد و لیژنەی نۆبڵیش داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد دەستبەجێ شوێنەکەی ئاشکرا بکەن، هەروەها یەکێتی ئەورووپا داوای ئازادکردنی کرد، بە لەبەرچاوگرتنی تەندروستییەکەی، ئازادکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە بە ناڕەوا دەستبەسەرکراون بەهۆی بەکارهێنانی مافی ئازادی ڕادەربڕینیان.

 

ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەشداربووانی ئەو یادە کە نێرگس محەمەدی تێیدا دەستگیرکرا، دروشمی دژە ڕژێمیان وتەوە، لەوانە "شەڕ دەکەین و دەمرین، بەڵام بێڕێزیکردن قبوڵ ناکەین''.