دوای بڕینی کارەبا و ئینتەرنێت... ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە زیاد کرد

ئیسرائیل بۆ ٢٢ەمین ڕۆژی لەسەر یەک بەردەوامە لە هێرشی ئاسمانی و دەریایی و وشکانی بۆسەر غەززە، کە پێشتر بە تەواوی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان تێکچوون، ئەمەش ترسی کارەساتی مرۆیی بەرزکردەوە.

 

ناوەندی هەواڵ- وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە ڕۆژی هەینی ٢٧ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بۆردومانە هاوبەشەکانەوە لە غەززە بەرزبووەتەوە بۆ ٧ هەزارو ٣٢٦ کەس و لەنێویاندا سێ هەزارو ٣٨ منداڵ هەن، کە ٦٠٠ منداڵیان تەمەنیان لە خوار یەک ساڵەوە بووە، هەزارو ٧٢٦ ژنیش هەن، زیاتر لە ١٨ هەزار بریندار و هەزارو ٦٥٠جبێسەرووشوێن تۆمار کراوە، داوای ڕێوشوێنی بەپەلە دەکات بۆ گەڕاندنەوەی سیستمی تەندروستی ڕووخاو.

یونیسێف ئاماژەی بەوەدا کە ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانەی کە گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی ٤٠%ی کۆی گشتی گیان لەدەستدانەکان بووە، کە بە شێوەیەکی گشتی هاوتایە لەگەڵ ڕێژەی بەرزی منداڵان لە دانیشتوانی غەززەو نزیکەی ٤٧%ی دانیشتوانی غەززە پێکدەهێنن و بەرزترین ڕێژەی زۆربەی وڵاتانی جیهان پێکدەهێنن جگە لە ئەفغانستان و بەشێک لە بیابانی ئەفریقا.

ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەم، لە کەناری ڕۆژئاوا چوار کەس گیانیان لەدەستدا دوای ئەوەی ئیسرائیل چووە ناو کەمپی پەنابەرانی جینین و قەلقیلیا، بەمەش ژمارەی کوژراوان گەیشتە ١١١ کەس و هەزارو ٩٠٠ کەسی دیکە لە کەناری ڕۆژئاوا بریندار بوون.

شەوی ڕابردوو ٢٧ی تشرینی یەکەم، کەرتی غەززە گەورەترین کاتژمێرەکانی بۆردومانکردنی بەخۆوە بینی لەوەتەی هێرشەکان دەستیان پێکردووە و چەندین ناوچەی باکوور و باشوور کرایە ئامانج.

ئەمڕۆ ئیسرائیل ٧ کەسی دەستگیرکرد، لەنێویاندا منداڵێک، لە کامپی پەنابەرانی جەلزۆن لە باکووری ڕامەڵا لە کەناری ڕۆژئاوا، دوای ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکانیان.

 

زەوییە کشتوکاڵییەکان بەمەبست لەناو دەبرێن

نوسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە کەرتی غەززە ئاشکرایکرد کە ئیسرائیل بە مەبەست زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆردومان دەکات و لەناوی دەبات، بەتایبەتی کە بە سەوزە چاندراوە، هەروەها ڕێگری لە جوتیاران دەکات لەوەی دەستیان بە زەوییەکان بگات، بۆردومانەکە زیاتر لە ٢٤ هەزار دۆنم دانەوێڵەی لەناوبردووە.

کۆمیسیاری گشتی ئاژانسی فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین "UNRWA" جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی غەززە نەک تەنها بەهۆی بۆردومانەکانەوە گیان لەدەست دەدەن، بەڵکو زۆرێکیان بەمزووانە بەهۆی کاریگەرییەکانی گەمارۆکانی سەر غەززە گیان لەدەست دەدەن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لەناودەچن و دەرمانەکان تەواو دەبن.

جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و دڵنیابوون لەوەی کە یارمەتییەکان دەگەنە کەرتی غەززە و ئاماژەی بەوەشکرد ئاوی پیس لە شەقامەکانی غەززە هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاکان.