دوای ٢٠ ڕۆژ هەناسە بە دایکی شادکرایەوە

دوای ئەوەی دوێنێ لەسەر بڕیاری دادوەر وێنەی "هەناسە رێباز"ی تەمەن سێ بۆ چوار ساڵان بڵاوکرایەوە، توانرا دایکی هەناسە بدۆزرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٢٧ی ئادار، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر وێنەی منداڵێکی کچی بە ناوی "هەناسە ڕێباز" بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد کە ڕۆژی ٧ی ئاداری ٢٠٢٢ بەڕێوەبەرایەتییەکە لەلایەن هەواڵدەرێکەوە ئاگادار کراوەتەوە کەوا منداڵێک لەلای نەخۆشخانەی مەلافەندی لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر جێهێڵدراوەو کەسوکاری دیار نییە، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەرکەوتوە کەوا منداڵەکە لەهەمان شوێن جێهێڵدراوە و تەمەنی لە نێوان "٣ بۆ ٤" ساڵە و بە وتەی خۆی ناوی ( هەناسە رێباز)ە.

 

دوای بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵەکە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر ڕایگەیاند، لە ڕۆژی ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٢ دایکی "هەناسە رێباز"پەیوەندی بە نوسینگەی قەڵای بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر کرد و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخرا و رەوانەی بەردەم دادوەر کرا.

 

ئاماژە بەوەکراوە کە لەبەر ئەوەی بڕیاری ئامادەکردنی هەبوو بەپێی ماددەی "٣٨٣" لەیاسای سزادانی عێراقی داوەر بڕیاری دا بەدەستەبەری ئازادبکرێت و منداڵەکەی پێ بدرێتەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامە لێی، کە بەڵێن بدات ئەم منداڵە ژیانی پارێزراو بێت.

 

لەسەر هەمان دۆسیەش دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ باوکی "هەناسە رێباز" دەرکرد بەپێی ماددەی "٣٨٣".

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەئێستادا ئەم منداڵە لەلای دایکیەتی و ژیانی پارێزراوە،

بەڵام لەلایەن نوسینگەی قەڵای بەڕێوەبەرایەتییەکە بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەم کەیسە دەکرێت تاوەکو لەژیان و پارێزراوی ئەم منداڵە دڵنیابن".