دوو بکوژی ژن دەستگیرکران

ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردەوە، دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی ژنێک دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەدا ناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٠ی ئادار، ڕاگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی ژنێک دەستگیرکراون، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە کە ئەو ژنەیان خنکاندووە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەت پۆلیسی گەرمیان، ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لە گەڕەکی جوتیارانی شارۆچکەی کەلار تەرمی ژنێکیان لە خانوویەکی سەربەخۆدا دۆزیوەتەوە و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە ژنەکە کوژراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەستبەجێ بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان دەستکرا بەلێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری و شوێن پێهەڵگرتنی تۆمەتباران لەڕێگەی کامێرای چاودێریەوە".

 

پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی خستووەتەڕوو، ٤ی شوبات هێزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیان دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (ک. ٲ. ع.  لەدایکبووی ١٩٧٣) و (ٲ. ج. م. لەدایکبووی ١٩٧٨) دەستگیر بکەن و لە ئێستاشدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.