دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکەی ١٩ـی کانونی یەکەم؛ شەش زیندانیی ژن بە زیندوویی سووتێندراون

پارێزەران ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیاری بەسەرچوونی کات لە دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکەی ١٩ـی کانونی یەکەم کە شەش ژن بە زیندویی سووتێندران نیشاندا و ڕایانگەیاند کە ئەمە تاوانە دژی مرۆڤایەتی و بڕیاری بەسەرچوونی کات بۆی جێبەجێ ناکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

پارێزەرانی ٣٠ زیندانی کە لە ئۆپەراسیۆنی "گەڕاندنەوەی ژیان" لە ١٩ـی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٠دا سووتێندران، سەبارەت بە پڕۆسەی دادوەری و بڕیاری بەسەرچوونی کات لە سەندیکای پارێزەرانی ئیستەنبوڵ لێدوانیان دا.

 

دۆسیەکە کە دادگاییەکەی لە ساڵی ٢٠١٠ دەستیپێکردبوو، لە ١٧ـی ئازاری ٢٠٢٥ لەلایەن ١٣یەمین دادگای سزا قورسەکانی باکرکۆ بڕیاری بەسەرچوونی کاتی بۆ دەرکرا. گوچلو سەڤیملی کە یەکێکە لە پارێزەرانی دۆسیەکە، ڕەخنەی لە بڕیارەکەی دادگا گرت و وتی: کۆمەڵکوژییەکە ئەنجامی سیاسەتەکانی دەوڵەتە بەرامبەر زیندانەکان،. وشەی "ئۆپەراسیۆن"، مانای "کۆمەڵکوژی" دەگەیەنێت و وتی: "ئەوانەی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە، بە مەبەستی کوشتن کردوویانە.

 

سەڤیملی ئەوەی خستەڕوو کە داواکاری گشتیی ئەیوب عەلی ئیحسان دەمیراڵ کە لێکۆڵینەوەی دۆسیەی کۆمەڵکوژییەکەی بەڕێوەدەبرد، ١٠ ساڵ دۆسیەکەی دواخستووە و وەبیریهێنایەوە کە دوای ١٠ ساڵ دۆسیە لە دژی ٣٩ سەرباز و پلەدار کراوەتەوە. سەڤیملی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "داواکارەکە، بەهۆی دۆسیەی خراپ بەکارهێنانی ئەرکەکەیەوە، لە دۆسیەکە دوورخرایەوە. داواکاری نوێ سەرلەنوێ لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەکە کرد.

 

'شەش زیندانیی ژن بە زیندوویی سووتێنراون'

سەڤیملی ئاماژەی بەوە دا کە سەبارەت بە دۆسیەکە بڕیاری بەسەرچوونی کات دراوە و وتیشی: بەپێی بەڵگەکان، ڕاپۆرتەکانی توێکاری و دۆسیەکانی پزیشکی دادوەری، سەلمێنراوە کە سەربازەکان قاوشەکانی زیندانییانیان گولـلەباران کردووە و لە لایەن زیندانییانەوە هیچ تەقەیەک نەکراوە. هەروەها دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا "DMME" سەبارەت بە دۆسیەکە بڕیاری پێشێلکردنی مافی ژیانی زیندانییانی داوە و شەش زیندانیی ژن بە زیندوویی سووتێنراون. وێڕای ئەمانە، بڕیاری بەسەرچوونی کات سەبارەت بە سەربازەکان جێگای قبوڵ نییە. دەبێت ئەوە وەبیر بهێنینەوە کە داواکاری گشتیی ئەیوب عەلی ئیحسان دەمیراڵ بەهۆی بەتاڵکردنەوەی دۆسیەکەوە وەک تۆمەتبار دادگایی کراوە.