دەستپێشخەریی ژنانی کوردی ڕۆژئاوا دامەزرا
کۆمەڵێک لە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند، بۆ ئەوەی لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و یەکساندا ڕۆڵییان هەبێت “دەستپێشخەری ژنانی کوردی ڕۆژئاوا”ـیان دامەزراندووە.

ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵێک لە ژنانی کوردی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئێستای سووریا و ئایندەی گەلی کورد لە سووریادا، لە ناوەندی شاویشکای شاری قامیشلۆ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەستپێشخەرییەکیان ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیاندنی دەستپێشخەرییەکەدا، ئەو ژنانەی لە بوارەکانی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و دیبلۆماسییدا چالاکانە لە خەباتدان بەشدار بوون، بەیاننامەکە لەلایەن نەجلە تەمۆ و نالین ئەسعەدەوە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاریی دەستپێشخەرییەکەوە بە زمانی کوردی و عەرەبی خوێندرایەوە.
لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکرد، ئەوان بە ناوی “دەستپێشخەری ژنانی کوردی ڕۆژئاوا” دەستپێشخەرییەکی نوێیان دامەزراندووە.
هەروەها هۆکاری دامەزراندنی دەسیپێشخەرییەکە، بەها بنەڕەتییەکان، ڕەگەز و ئامانجەکانی کارکردنیان ڕاگەیاند و داوایان لە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، پارێزگاری لە بەها نەتەوەییەکان و ناسنامەی خۆیان بکەن وتیان: دەبێت ژنان لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک، یەکسانخواز و فرەچەشندا ڕۆڵی چالاکییان هەبێت.
لە کۆتاییشدا، ئەندامانی دەستپێشخەریەکە داوایان لە ژنانی کورد کرد بەشداری کارەکانی دەستپێشخەرییەکەیان ببن.