دەستبەسەرکردنی سەیران خوسرەوی بەردەوامی هەیەو هیچ زانیارییەک دەربارەی نییە
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٥ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سەیران خوسرەوی، هێشتا هیچ هەواڵێک لەبارەی بارودۆییەوە نییە.

ناوەندی هەواڵ
سەیران خوسرەوی، یەکێک لە چالاکوانانی مافی ژنان لە شاری سنە، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو، لەبەردەستدا نییە.
سەیران خوسرەوی ڕۆژی ١٩ تشرینی دووەم، لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە هێرشێکدا بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەرکرا و تا ئێستا مافی پارێزەر و پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکەیەوە پێنەدراوە دەستبەسەرە.
تا ئێستا هیچ هەواڵێک سەبارەت بە ئەگەری تۆمەتەکانی دژ بە ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخییەوە دەست نەکەوتووە.
نەزانینی شوێنی دەستبەسەری ئەم چالاکوانە نیگەرانی لە بارودۆخی تەندروستی و هەروەها دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی بەرامبەری زیاتر دەکات.
دەستبەسەر کردنی ئارەزوومەندانە بەبێ خستنەڕووی هۆکار و بەڵگەی چالاکوانان لە بوارە جیاجیاکان و کردەوە باوەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بەردەوامە، هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"ەوە، زۆرێک لە چالاکوانانی مافی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکران و ئەشکەنجە دراون و ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە.