"داوای گەمارۆی ئاسمانی دەكەین بۆ باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا"

ژیان حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هەڕەشەکانی ئەم دواییە کرد.

 عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە پلانی لەشکرکێشی خۆی ڕاگەیاند و هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی کرد بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ئەنجامدا باکووری سوریا داگیر بکات، ئۆپەراسیۆن و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا یەکەمجار نییە و لە ماوەی ڕابردوودا عەفرین، گرێسپی، سەرێکانی، جەرابلوس و عەزازی داگیرکرد.

 

لەم دۆخەدا زۆڕیک لە لایەنە سیاسییەکان، بزووتنەوەکانی ژنان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بنەماڵەی شەهیدان و ڕێکخستنەکانی دیکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ڕێگەی بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکانەوە هەڕەشەکانیان شەرمەزار کرد و داوای دانانی قەدەغەی ئاسمانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان کرد، بۆئەوەی ڕێگری لە هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیا بکرێت.

 

"هێرشی سەخت دەکرێتە سەر گەلەکەمان"

ژیان حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بەوەکرد، هێرشی توند بۆ سەر خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکرێت و دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت خاکەکەیان داگیربکات، "ماوەی دوو مانگە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بە بیانووی جۆراوجۆر هێرش دەکەنەسەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گوشارێکی زۆر لەسەر هاوڵاتیان هەیە، خواستیش داگیرکردنی ناوچەی زیاتر و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکانە. بێگومان هۆشیاری گشتی لە بەرامبەر ئەم هێرش و هەڕەشانەدا هەیە، بەڵام هەڵوێستی حکومەتی دیمەشق و وڵاتانی نێودەوڵەتی دیار نییە و تا ئەمڕۆش بێدەنگن، ڕۆژانە ڕووداوی ترسناک و ئازاربەخش لە ناوچە داگیرکراوەکانەوە باس دەکرێت و دەبیسترێت، بەڵام بەداخەوە بێدەنگی و پشتگوێخستن هەیە، بەتایبەتی ئەو دامودەزگایە نێودەوڵەتیانەی کە دەکەونە رۆژئاوای کودستان و لەسەر بنەمای پاراستنی مافی مرۆڤ کاردەکەن".

 

"پێویستە ئامادەکاریمان هەبێت و بەپێی جەنگ خۆمان ئامادە بکەین"

ژیان حسێن باسی لەوەکرد پێویستە خەڵک بەپێی بارودۆخی جەنگ ئامادەکاری بکەن و خۆیان پەروەردە بکەن و وتی: بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر باری نائاسایی ڕاگەیاندووە، بۆیە پێویستە ئێمە وەک گەل ئاگادار بین و ئامادە بین بۆ هەر هەنگاوێک و شەڕێک، ئێمە لە سەردەمی داگیرکردنی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانیدا چەندین جار ئەم جۆرە شەڕانەمان بەسەرهاتووە، بۆیە پێویستە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە شتێکی لەم شێوەیە ئەزموون نەکەینەوە، لەسەر ئەم بنەمایە هەر یەکێک لە ئێمە پێویستە بەپێی شەڕی ئێستا خۆمان ڕابهێنین، جا چ مەشق بە چەک بێت یان شێوازی بەرگریکردن لە خۆ بە هەموو جۆرەکانیەوە. هەروەها پێویستە متمانەمان بە هێزە سەربازییەكانمان هەبێت، چونكە ئەگەر پشت بە هێزی خۆمان نەبەستین هیچ هێزێكی تر پاڵپشتیمان ناكات، هێزی ئێمە گەلەکەمانە، پێکەوە و بە تەنیا بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین لە هەموو هەڕەشە و هێرشێک.