دۆخی ژیانی هاوڵاتیان بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن سەختبووە

لەگەڵ گەیشتنی نرخی دۆلار بە ٦٠ هەزار تمەن، ژیان بۆ هاوڵاتیان قورس بووە و ژنان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت، یەکێک لە چالاکوانانی ڕاگەیاندن باس لە هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنووسان و ناچارکردنیان بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دەکات.

ڕۆژین قادری

 

سەردەشت- لە کاتێکدا ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە سانسۆرکردنی ڕاستییەکان و نکۆڵیکردن لە دۆخی سەختی خەڵک، هەناسەیەکی ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتیان نەماوە و هەمووان گومانیان لە زیادبوونی خەرجییەکانی ژیان هەیە.

 

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی ئابووری، لە کەلوپەل و پێداویستییەکان، خواردن لە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە زیاتر لە ٪٧٠ و ئەمەش بەو مانایەیە کە ماڵێک دەبێت زیاتر لە٪٧٠ داهات دابینبکات لە خۆراکدا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

 

سەبارەت بە دۆخی ئێستای کۆمەڵایەتی و ئابووری لەگەڵ ژنانی جیاواز لەوانە ڕۆژنامەنووسان و سەرۆکی بنەماڵە و کرێکارانی ناو بازاڕ قسەمان کرد و ڕای ئەوانمان سەبارەت بەم دۆخە پرسی.

 

هەڕەشە لە چالاکوانانی میدیایی دەکرێت

ئیلهام مەعروفی، لە یەکێک لە کەناڵە ناوخۆییەکانی کوردستان کاردەکات و زۆرجار لەگەڵ هەواڵی ڕۆژانەدا هەواڵە ناوخۆییەکان ڕووماڵ دەکات، سەبارەت بە ئەزموونی خۆی سەبارەت بە فشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر چالاکانی میدیایی لە هەمان کاتدا لەگەڵ زیادبوونی بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن دەڵێت: " چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کاتێکدا ئەو هەواڵەمان بڵاوکردەوە کە دۆلار گەیشتە ٥٥ هەزار تمەن، لە مۆبایلەکەمەوە پەیوەندییەکم پێگەیشت کە لەسەری نووسرابوو "ژمارەی تایبەت"، یەکسەر تێگەیشتم کە لە بەشی زانیارییەوەیە پەیوەندییەکە، کاتێک تەلەفۆنەکەم هەڵگرت دەستی کرد بە هەڕەشەکردن لێم و وتی ئەگەر هەر ئێستا پۆستەکە سەبارەت بە نرخی دراوەکە نەسڕمەوە، دێن دەستگیرم دەکەن."

 

بەڵام ئیلهام، ئاماژە بەوە دەکات کە پێشتر هەڕەشەی لێ کراوە، دەڵێت: " ئەمە یەکەمجار نییە کە هەڕەشەم لێدەکرێت، لە ساڵی ٢٠١٧ کە بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن زیادی کرد، هەموو ڕۆژنامەنووسەکان بانگهێشتی پۆلیس کران و وتیان" دەبێت ئەو هەواڵە پەخش بکەن کە لە کەناڵەکانتان بۆتان دەنێرین" من بەداواکانیان ڕازی نەبووم، بەڵام ئەوانی دیکە بەهای کارەکانیان لەدەستدا و ڕازیبوون و هەواڵیان بڵاوکردەوە کە نرخی دۆلار دادەبەزێت، لە کاتێکدا درۆ بوو."

 

"نیوەی مووچەی مانگەکە دەبێت بدرێت بە گۆشت"

مەریەم مەحمودی، ژنێکە کە بەتەنها سەرپەرشتیاری خێزانەکەی دەکات و هاوسەرکەی لە کۆڵبەری گیانی لەدەستداوە، دەڵێت کە بەرپرسی ٢ منداڵە بچووکەکەیەتی، وتی: "من لە کارگەی شیرینی بە مانگانەی ٤ ملیۆن تمەن کار دەکەم، مانگانە یەک ملیۆن تمەن دەدەم بۆ کرێی خانوو، سوپاس بۆ خاوەن خانووەکە چونکە کەسانی دیکە خانوو بە مانگانە ٢ ملیۆن تمەن دەدەن بە کرێ، ئەمڕۆ مریشکێکم بە ٤٠٠ هەزار تمەن کڕی، لە مانگێکدا نزیکەی ٤ مریشک دەکڕم، واتە دەبێت نیوەی مووچەی مانگانەم بۆ گۆشت خەرج بکەم، کیسەیەک برنج ٤٧٠ هەزار تمەنە، ئەگەر شتەکان بەم شێوەیە بەردەوام بن، دیار نییە چۆن دەتوانم خەرجییەکان دابین بکەم، بازنی کچەکەمم فرۆشت بۆ خەرجییەکانی ئەم مانگە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بەڕاستی بارودۆخی ژیانمان سەختتر دەبێت".

 

ئازیتا مەحمودی، فرۆشیاری جوانکاری لە بازاڕی سەردەشت، هەروەها سەبارەت بە دۆخی بازاڕ دەڵێت: "لەم ماوەیەدا ٣ جار نرخەکانمان گۆڕیوە، خاوەن دوکانەکە بە هەموو شێوەیەک حیساب دەکات و دەڵێت ئەگەر جارێکی تر هەمان شت بهێنمەوە گرانتر دەیکڕم،ژمارەی کڕیارەکان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە، زۆرجار لە دوکانەکەدا بێکارم، لە کاتێکدا ساڵانی پێشوو دوکانەکە فرۆشی زۆر زیاتر بوو".

 

 

لەیلا حوسێنی، ژنی ماڵەوە، سەبارەت بە زیادبوونی خەرجییەکانی ڕۆژانە دەڵێت: " من و هاوسەرەکەم و سێ منداڵەکەم پێکەوە دەژین،  لەم ماوەیەدا کەمتر گۆشت و میوەم دەکڕی و نزیک بوو کەلوپەلی ناوماڵ و جل و بەرگ و ئەو شتانەی تر کە هەستمان دەکرد پێویست نین نەکڕین، مانگی ڕابردوو پارەی غازەکەمان گەیشتە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن، ئێمەش چووینە بەشی غاز، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە، و وتیان بۆ زۆرێک لە خانووەکان پارەی غاز لەوە زیاتر بووە، تەنانەت لە حاڵەتێکدا، بۆ دوو یەکە کە بەکاری دەهێنن هەمان پێوەرەکەی غاز، نزیکەی ١١ ملیۆن پارە بوو."