ژنانی دێرسیم: ئەگەر هەزار جار قەیوم دابنێن ناتوانن ڕاستی بگۆڕن

ئەو ژنانەی کە کاردانەوەیان هەبوو بەرامبەر بە دانانی قەیوم لەسەر شارەوانی دێرسیم، ڕایانگەیاند، "ئیرادەی خۆمان دەپارێزین و ناتوانن هیچ شتێک بگۆڕن، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەی هەزار ساڵ قەیوم دابنێن".

مەدینە مامەدئوغڵو

 

دێرسیم- پڕۆسەی دانانی قەیوم کە لە جۆلەمێرگ دەستی پێکرد، دواتر لە ئیلح و مێردین و خەلفەتی بەردەوام بوو و دوو ڕۆژ لەمەوبەریش لە دێرسیم قەیوم دانرا. ژمارەی ئەو شارەوانیانەی لەژێر بەڕێوەبەری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتیدا بووم و قەیومیان لەسەر دانرا بە دێرسیمەوە بوونە ٥ شارەوانی. هەروەها لە ژێر بەڕێوەبەری جەهەپە، قەیوم بۆ شارەوانی ئەسەنیورت لە ئەستەنبوڵ و شارەوانی پولور (ئۆڤاجک)ی دێرسیمیش دانرا و بەردەم شارەوانیش بە بلۆکی کۆنکرێت داخرا.

 

ژنانی دێرسیم ڕایدەگەیەنن، ئەو بڕیارە قبوڵ ناکەن.

 

"ئێمە ئەم شارە بۆ ئەوان جێناهێڵین"

نازلی سەلمان دەڵێت: ئەمە جگە لە دڕندەیی هیچی تر نییە، گرنگ نییە چی بکەن، شار بۆ ئەوان بەجێناهێڵین، ئەم شارە و شارەوانییەکەی هی ئێمەیە، دەسەڵات هەرچییەک بکات، دەستبەرداری شارەکەمان نابین، دڵمان زۆر پڕە، هەموو شوێنێک شت فڕێ دەدەن. پێشەوەی شارەوانی بە دیواری کۆنکرێتی داخراوە، ناتوانین بە ئاسوودەیی بە شارەکەماندا بجوڵێین، هەموو شوێنێک بە بەربەستی کۆنکرێتی داخراوە. بۆ ناتوانم سەردانی گوندەکەم بکەم لە شارەکەم؟ بەسە.

 

"هەرچییەک ڕووبدات ئەم شوێنە بەجێناهێڵین"

دیدار کۆناک وتی: هەمیشە خەڵکی دێرسیم دەکرێنە ئامانج، هەرچییەک ڕووبدات من هەڵدەستم و شارەوانییەکەم نادەم بەوان، ئێمە هەرگیز دانانی قەیوم قبوڵ ناکەین و ئەمە نادادپەروەرییە بەرامبەر بە دانیشتوانی شار، دژی ئیرادەی گەلە. گرنگ نییە چی ڕووبدات، ئێمە ئیرادەی خۆمان دەبێت.

 

"ئەوان دەیانەوێت دێرسیم بگەڕێننەوە بۆ ساڵی ١٩٣٨"

زەینەب ئارسەلانیش لەبارەی دانانی قەیوم دەڵێت: ئێمە زۆر لە هاوسەرۆکانی شارەوانیمان ڕازین و دەمانەوێت لە ئەرکی خۆیاندا بن، هەرچی لە تواناماندا بێت لەم بابەتەدا دەیکەین و شارەکەمان بێهیوا ناکەین، لە ساڵی ١٩٣٨ەوە هەوڵی لەناوبردنی دێرسیم و چەوساندنەوەی دانیشتوانەکەی دەدەن، بەڵام ئێمە ڕێگەی پێنادەین. جگە لە بەرخۆدان هیچ بژاردەیەکی تر نییە، هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین.

 

"دەمەوێت ئەو کەسانەی دەنگم پێیان داوە پێشەنگایەتی شارەکەم بکەن"

سەرینجە چیمەل ئاماژەی بەوەدا کە هەر کەسێک لە هەڵبژاردنەکاندا هەڵبژێردرا، پێویستە شارەکە بەڕێوەببات و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: سیاسەتەکانی ستەم و گۆشەگیری ساڵانێکە بەردەوامە. لە بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی ئیرادە بێدەنگ نابین، ئەمە سروشتیترین مافی ئێمەیە. من دایکم، نەوەم هەیە، من دەمەوێت ئازاد بژیم، دەیانەوێت بە ئامانجکردنی دێرسیم فشار بخەنە سەر خەڵک، خەڵک ئیرادەی خۆی و هاوسەرۆکانی شارەوانییان هەیە. ئەوان هەوڵ دەدەن مافەکانمان لێ بسەننەوە، نان و ئیرادەمان بدزن. پێمان دەڵێن تۆ هیچ مافێکت نییە. مەبەستی قەیوم ئەمەیە.

 

"شارەوانی هی دەوڵەت نییە، هی خەڵکە"

حەلیمە جۆشکون ڕایگەیاند کە دەستیان لە سەر شارەوانی گەل داناوە و دەڵێت: ئەم شارەوانییە هی قەیوم نییە، هی خەڵکە، بە دانانی قەیوم هەڵەی زۆر دەکەن، تەنانەت دوای هەزار ساڵیش ئەمە شارەوانی گەلە. خەڵک هاوسەرۆکانی شارەوانی خۆیان هەڵدەبژێرن نەک قەیوم. نە ئەردۆغان و نە ئاکەپە ناتوانن هیچ بکەن، بە بەربەست و کۆنکرێت ناگەنە هیچ شوێنێک. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تا ئێستا قەیوم خراونەتە سەر شارەوانیەکان، بەڵام خەڵک دەستبەرداری شارەوانییەکانی خۆیان نابن، دەستبەرداری خەبات و ئیرادەی خۆیان نابن. ماردین و ئیلح و دێرسیم دەستبەرداری شارەوانییەکانیان نین. ئەمە شارەوانی گەلە، یاری بە نانی خەڵک دەکەن. پارەی خەڵک دەخەنە گیرفانیانەوە، ژیانی خەڵکیان ژەهراوی کردووە.