زنجیرە چالاکییەک بە بۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی بەرێوەچوو
رێکخراوی چەمک، بۆ چاکسازی و بنیادنان بە بۆنەی نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان زنجیرە چالاکییەکی رێکخست.
سلێمانی
لە گەڵ نزیکبوونەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، ٢٢ تشرینی دووەم لە شاری سلێمانی، بە دەستپیشخەری ڕێکخراوی چەمک، بۆ چاکسازی و بنیاتنان بە دروشمی '' ژنان پێکەوە بەهێزترن'' زنجیرە چالاکییەکی هونەری بەرێوەبرد.
ئەم زنجیرە چالاکییانە کە بە ئامانجی بەرەنگار بوونەوەی ژنان لە دژی توندوتیژی ریکخرابوو لە چەند بەشی جیاواز وەک شیوەکاری، دەست ڕەنگینی و هتد پێکهاتبوو کە تێیایدا ٦ژنی شێوەکار، ٢٥ کەسی دەستڕەنگین کە زۆربەیان ژن بوون و گروپی میوزیک و هەڵبەستوان بە کارە هوونەرییەکانیان جێیان گرتبوو.
لەم زنجیرە چالاکییە دا ژنانی شێوەکار بە ٣٥ بەرهەم هۆشیارییان لە بارەی توندوتیژی دژی ژنان خستەڕوو.
ڕووپاک مەحمود عارف، مامۆستا و شێوەکار کە بە ٦ تابلۆ بەشداری پێشەنگاکە کردووە، باس لە ئامانجی خۆی بۆ بەشدار بوونی لەم چالاکییە دەکات و وتی: ئەگەر سەیری تابلۆکان بکەین هەموویان بە شێوازێک باس لە ئازارەکانی ژنان دەکەن، ئەم توند و تیژییە نەک تەنها لە کوردستان بەڵکو لە هەموو جیهانداشدا هەن و بە شیوازی جیاواز وەک سیاسی، جەستەیی، فکری ئایینی خۆیان دەردەخەن.
ڕووپاک مەحمود لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بە ڕۆڵی هونەر لە هۆشیارکردنەوەی ژنان بۆ بەرەنگار بوونی توندوتیژی دەکات: بێگومان ژنان دەتوانن لە رێگای چالاکیی هونەری، کۆڕ و سیمینارەوە دەوروبەرمان و کۆمەڵگە ووشیار بکەینەوە سەربارەت بەو توندوتیژییە کە لە بەرامەر ژنان دەکریت. ئەرکێکی زۆرمان لە سەرە لە رؤژی ئەمڕۆماندا بەڵام مافەکانی خۆمان دەستەبەر ناکەین و ئێمە داوای ئەوە دەکەین لە بەرامبەر ڕەنج و ماندووبوونمان بتوانین مافی خۆمان بەدەستبهێنین.
ڕووپاک مەحمود پەیامی کۆتای خۆی بۆ ژنان بەم شێوە بوو:" پێویستە ژنان زیاتر داوای مافەکانی خۆیان بەکەن، هەستنەوە و ئازارەکانیان بخەنە ڕوو؛ چۆنەکە ئێمە وەک ژن نەوەی داهاتوو پەروەردە دکەین و پیویستە کۆمەڵگە ووشیار بکەینەوە و بە چالاکییەکانی ژنان بە کەم سەیر نەکەن.
چالاکییەکە بە پێشەکەشکردنی خەڵآتی رێزلێنان، خوێندنەوەی هۆنراوە و گۆرانی گۆرانی بۆ ئامادەبوان کۆتایی هات.
ساڵانە بە نزیکبوونەوە بە لە ٢٥ تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، کۆمەڵە چالاکی لە جیهان بەڕێوە دەچێت و زنجیرە چالاکی رێکخراوی چەمک بەچالاکی جیاواز بەردەوام دەبێت بڕیارە لە ٢٥ ئەم مانگە کۆتایی پێ بێت.