"وەک پێشەنگانی ئەم شۆڕشە، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان"

بە بۆنەی دووەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ژنانی ئازادییخوازی شاری سنە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و جەختیان لە درێژەی تێکۆشانی ئازادیخوازان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە دووەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی شاری سنە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و جەختیان لە بەردەوامی تێکۆشانی ئازادیخوازان و بە تایبەتی "خەباتی ژنانی کورد، وەک سەرکردەی ئەم ڕاپەڕینە" کردەوە.

 

دەقی تەواوی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:

دوو ساڵ بەسەر دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" تێدەپەڕێت و هەموومان شاهیدی ئەوە بووین کە ئەم بزووتنەوەیە هەرگیز بە مانا ڕاستەقینەکەی بێدەنگ نەکراوە، چونکە ئەم بزووتنەوەیە تەنیا دەنگی ناڕەزایی گروپێک یان چینێکی دیاریکراو نەبووە، بەڵکوو هێمای تێکۆشانێکی قووڵ و هەمەلایەنە کە لە پەراوێزەوە سەریهەڵدا و لە دڵی هەموو داواکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێراندایە، بەتایبەت تێکۆشانی ژنانی کورد، وەک یەکەمین پێشەنگانی ئەم ڕاپەڕینە، نوێنەرایەتی داخوازییەکانی هەموو لایەنەکان و گروپە پەراوێزخراوەکان دەکات، ژنانی پەراوێزخراو لە لایەنی ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئێران، ئەمڕۆ بوونەتە هێزی بزوێنەری سەرەکی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا، ژنانی کورد بە یارمەتی گرتن لە  ئەزموونی مێژوویی ستەم و نایەکسانی و نادادپەروەریی خۆیان بووەتە جێی سەرنجی گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕژێمی ئێران، چونکە ڕۆڵێکی دینامیکی لە دروستکردن و پەروەردەکردنی گوتاری ئازادیدا گێڕاوە، کە لەو ڕێگەیەوە هەموو گروپە چەوساوەکان دەتوانن داواکارییەکانیان ڕێکبخەن، بۆیە ئەوەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە بزووتنەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، دینامیزم و گشتگیرییەتی، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری دەگرێتەوە، ئەم شۆڕشە نەک هەر خەبات بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی و یاسا ناڕەواکان دەکات، بەڵکو هەوڵ دەدات چەمکە بنەڕەتییەکانی وەک ئازادی و یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ پێناسە بکاتەوە.

 

ماوەیەکی زۆرە ژنانی پەراوێزخراو، بە کەمینە نەتەوەییەکان و ئەوانەی لە دەرەوەی ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوورین و ڕووبەڕووی چینە ئاڵۆز و یەکتربڕەکانی جیاکاری و بێبەشی سیستماتیکی بوونەتەوە، نەک تەنها لەبەر ڕەگەز، باری چەوساندنەوەیان لە ئەستۆ گرتووە، بەڵکو بەهۆی پاشخانی نەتەوەیی و فەرهەنگی و ئابوورییەوە تووشی ئازار بوون، بۆیە چەندین ئەزموونی ستەم و چەوساندنەوە وای لێکردوون کە نوێنەرایەتی بانگەوازەکەیان بۆ ئازادی بکەن لە داواکارییە بەرفراوان و گشتگیرەکاندا بۆ دادپەروەری و یەکسانی.

 

 ئەم بزووتنەوەیە ڕووبەڕووی پێکهاتە قووڵە ڕەگداکوتاوەکانی دەسەڵاتی پیاوسالاری دەبێتەوە کە نەک هەر حوکمڕانی سیاسی بەڵکو هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری دەگرێتەوە و هەوڵدەدات جۆرەها چەوساندنەوە - لە بێدەنگکردنی کەمینەکانەوە تا سەرکوتی نەتەوەیی و ئایینی بۆ کۆنترۆڵکردنی جەستە و ئازادی ژنان و جیاکاری ئابووری، کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی لە بەشداریکردن لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی بێبەش کردووە، لێرەوە، بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" هەروەها تەحەدای ئەو چەوساندنەوە ڕەگەزی و نەتەوەیی و کولتوورییە چەسپاوە دەکات کە لە مێژە دەنگ و ژیانی ژنان و گەلان و کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکانی دیکەیان پەراوێزخستووە، لە یاسا و ڕێسای ستەمکارانە، پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی نادادپەروەرانە تا دەگاتە بیروباوەڕ و ڕێبازە ناوەند و تاکڕەوەکان، هەموویان لە هێڵی خەباتی ئەم بزووتنەوەیەدان، بۆیە داواکارییەکانی ئەم بزووتنەوەیە ڕەگ و ڕیشەی لە گوتاری سەرکوتگەرانەی چین و توێژە باڵادەستەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا داکوتاوە و تا ئەو پێکهاتە ستەمکارییانە ڕەگیان نەکێشێت، ئەم بزووتنەوەیە بەردەوام دەبێت.

 

بۆیە ئەوەی ئەم شۆڕشەی تایبەت کردووە، هاودەنگیی نێوان داخوازییە جیاوازەکان و گروپە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی ئێرانە، هاوپشتی قووڵی بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی دیکە، لەوانەش بزووتنەوەی کرێکاری و کەمینە نەتەوەیی و کولتوورییەکان، سیما و سروشتێکی بەردەوام و نەمری بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی "ژن، ژیان، ئازادی" بەخشیوە، ئەو ژنانەی هەمیشە هەڵگری دەنگی ستەملێکراو و پەراوێزخراون، ئەمڕۆ لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگەدا دەنگی ناڕەزایەتی و بەرخۆدانیان بەهێزتر کردووە و بوونەتە هۆی بەردەوامبوونی ئەم بزووتنەوەیە، ڕوونە کە ڕژێمی ئێڕان درکی بە پێگەی ژنانی کورد کردووە وەک هێزی بزوێنەری ئەم بزووتنەوەیە، هەر بۆیەش توندترین سزای وەک زیندانی درێژخایەن و لەسێدارەدانی ناڕەوای بەسەر ژنە تێکۆشەرانی کورددا سەپاندووە.

 

 

ئێمە ژنانی ئازادیخواز و تێکۆشەری کوردستان بەڵێنمان داوە تا گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەم شۆڕشە و دەستەبەرکردنی مافی هەموو چین و توێژە چەوساوەکان لە مەیدانەکەدا بمێنینەوە، هەموو دەمار و کەناڵەکانی تێکۆشان و بەرخۆدان تا سەرکەوتنی کۆتایی و هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێکهاتەکانی ستەم و نایەکسانی بە دەستبهێنین.

 

بزووتنەوەی ژنانی ئازادی سنە

١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٤