مەحرەمە قادری: پێویستە ژنان ڕۆژی ٨ی ئادار بکەنە ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی جیهانی

مەحرەمە قادری، یەکێک لە چالاکوانانی مافی منداڵان، بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە وتی: ژنانی ئەفغانستانیش وەک خوشکە کورد و ئێرانییەکانیان، هەرگیز ڕادەستی یاسا دژە ژنانەکان و ئیسلامییەکان نەبوون، هەرچەندە ڕووبەڕووی زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە و تیرۆر بووبێتنەوە.

بەهاران لاهیب

 

ناوەندی هەواڵ - مەحرەمە قادری، یەکێک لە ژنە چالاکەکانی بواری مافی منداڵان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا باس لە خۆی دەکات کە وەک ملیۆنان ئەفغانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان ناچار بووە ئەفغانستان بەجێبهێڵێت، بەڵام تەنانەت لە خاکی غوربەتیشدا ژن و منداڵی وڵاتەکەی لەبیر نەکردووە و هەمیشە هەوڵی داوە لە تەنیشتیان بوەستێت و لە ڕێگەی ئەو هونەرەوە کە دەستی پێی دەگات، دەنگی ئەوان بگەیەنێتە جیهان.

 

لە سەرەتای قسەکانیدا، مەحرەمە دەڵێت: ئەمساڵ ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان، کەوتووەتە ناو ئەو هەلومەرجەی کە تاڵیبانی دڕندە دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتە دەست و وەک هەر حکومەتێکی تری بوکەڵە و خیانەتکار هەوڵی چەقاندنی ژنانی ئەفغانستان دەدەن، بەڵام ئەم دڕندانە لەبیریان چوو کە ئێمەی ژنانی ئەفغانستان هەرگیز ڕادەستی ئەو هەموو تاوانانە نابین و درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین.

 

دەشڵێت: ژنانی ئەفغانستانیش وەک خوشکە کورد و ئێرانییەکانیان هەرگیز ملکەچی یاسا دژە ژنەکان و ئیسلامییەکانی وەک داعش و تاڵیبان و ئەلقاعیدە و مەلاکان نەبوون، هەرچەندە ڕووبەڕووی زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان و تیرۆرکردن دەبنەوە، بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و بە بەهێزتر شەڕ دەکەن.

 

لە کۆتاییدا مەحرەمە ئاماژە بەوە دەکات، "پێویستە ژنانی سیاسی و جەماوەری لە هەموو جیهاندا یەکبگرن و ٨ی ئادار بکەنە ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی جیهانی بۆ ئەوەی لە چەکی ئەو بناژۆخواز و ئیسلامیانە ڕزگارمان بکەن".