بەهۆی گۆرانی "سێ ژنی ئازاد" شیلان ئەمین یەکسەککایا دۆسیەکەی دواخرا
دانیشتنی دۆسیەی هونەرمەند شیلان ئەمین یوکسەککایا، کە بەهۆی وتنی گۆرانی "سێ ژنی ئازاد" لە چالاکییەکانی ٨ی ئاداردادگایی دەکرا، دواخرا.

ناوەندی هەواڵ
هونەرمەند شیلان ئەمین یوکسەککایا لە ڕۆژی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنان گۆرانی "سێ ژنی ئازاد" لە گردبوونەوەی ژناندا پێشکەشکرد، بەو هۆیەوە سکالایەک لەسەر ئەو هونەرمەندە تۆمار کرا و دانیشتنی یەکەمی دۆسیەکە لە دادگای تاوانە قورسەکانی ٢ی شاری وان بەڕێوەچوو.
شیلان ئەمین یوکسەککایا لە دادگای ئامەد لە ڕێگەی ئامێرەوە و یاسەمین دۆرا شەکەر، پارێزەری شیلان لە ڕێگەی ئامێرەوە لە دادگای ئەدەنەوە بەشداری دانیشتنەکەیان کرد، شیلان ئەمین یوکسەککایا ڕایگەیاند، کە لەسەر داوای ژنان گۆرانییەکەی وتووە و خوازیاربوو لەو دۆسیەیە بێتاوان بێت، هەروەها پارێزەرەکەی یاسەمین دۆرا شەکەر، ئەوەی خستەڕوو کە گۆرانییەکە قەدەغەکراو نییە و بە کۆنترۆڵی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاردا تێپەڕیوە دواتر لە ئەلبوومەکەدا بڵاوکراوەتەوە.
داواکاری گشتی دەیویست شیلان ئەمین یوکسەککایا بە تاوانی "ستایشی تاوان و تاوانکاری" سزا بدرێت و پارێزەکەشی داوایکرد دانیشتنەکە دوابخرێت.
بە بڕیاری دادگا دانیشتنەکە بۆ ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دواخرا.