لە واستی عێراق دوو گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی داعش و ڕژێمی بەعس دۆزرانەوە

لە دەوروبەری شاری كوتی ناوەندی پارێزگای واست دوو گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزرانەوە, كە دەیان ڕوفاتیان تێدایە و لەلایەن داعش و ڕژێمی بەعسەوە کوژراون.

ناوەندی هەواڵ


میدیا عیراقییەكان بڵاویانكردەوە، هاوڵاتیان زانیارییان لەسەر دوو گۆڕی بەكۆمەڵ داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان كە لە دەوروبەری شاری كوتن و دەیان ڕوفاتیان تێدایە.


حەسەن عەلی كلابی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان لەو بارەیەوە وتی: تیمێكی تایبەتمەند پێكهێندراوە و چوونەتە ناوچەكە، بەپێی پشكنینە سەرەتاییەكان لە یەكێك لە گۆڕی بە كۆمەڵەكان زیاتر لە ٤٥ ڕوفاتی تێدایە كە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٨ لەسەر دەستی چەتەکانی داعش كوژراون.


ئاماژە بەوەشکراوە، لە گۆڕی بەكۆمەڵی دووەم نزیكەی ٢٥ ڕوفاتی تێدایە كە لە ساڵانی هەشتاكان لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس كوژراون، هەروەها پشكنینی زیاتر لەناوچەكە دەكرێت و دەستكراوە بە وەرگرتنی نمونە بۆ ناسینەوەی ڕوفاتەكان.


لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا ٦ گۆڕی بەكۆمەڵ لە واست دۆزراونەتەوە كە پێنجیان بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشوو و یەكیان بۆ سەردەمی داعش دەگەڕێنەوە.