ئیلهام ئەحمەد: پێش ئەوەی درەنگ بێت، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێکاری وەستاندنی تورکیا بگرێتە بەر

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، سەرجەم تۆمەتەکانی دەوڵەتی تورک دژی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێ بنەمان، تاکە هۆکاری پشتەوەی تێکدانی سەقامگیرییە لەو هەرێمەی، کە توانای هەیە سووریا بگەیەنێت بە دیموکراسیی ڕاستەقینە

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕ بووەتەوە و ژیانی هاوڵاتیانی خستووەتە مەترسییەوە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری سووریای دیموکرات-مەسەدە، لە پێگەی ئێکس ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تۆمەتەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی ڕەت کردەوە و هۆشداریی دایە تورکیا، کە خۆی لە گواستنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی بۆ نێو خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دوور بگرێت.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، ئیلهام ئەحمەد، لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هۆشداریی دایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕایگەیاند، “حکومەتی تورکیا بە شێوەیەکی ڕۆژانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر شارەکانمان، ئێستاش هەڕەشەی لێدان لە ژێرخانی ناوچەکەمان دەکات، کە پێنج ملیۆن کەس، لە نێویاندا ئاوارەکان تێیدا دەژین، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێش ئەوەی درەنگ بێت، دەبێت ڕێکاری جدی بۆ وەستاندنی تورکیا بگرێتە بەر".

 

ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەشکرد، سەرجەم تۆمەتەکانی دەوڵەتی تورک دژی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێ بنەمان، تاکە هۆکاری پشتەوەی تێکدانی سەقامگیرییە لەو هەرێمەی، کە توانای هەیە سووریا بگەیەنێت بە دیموکراسیی ڕاستەقینە و لە دەسەڵاتی هەژموونخوازیی ڕزگاریی بکات.

 

دووپاتی کردووەتەوە، کە ئەوان هەمیشە پشتیوانی گرتنەبەری چارەسەری ئاشتیانەن و هەرواش بەردەوام دەبن، هاوکات دژی هەر جۆرە پەرەسەندنێکی ئاڵۆزییەکان بوون.

 

هاوسەرۆکی مەسەدە لە کۆتاییشدا بە توندی هۆشداریی داوەتە تورکیا کە خۆی لە گواستنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی بۆ نێو خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دوور بگرێت.