دوو ژن بەهۆی ئاگرەوە سووتان و یەکێکیان گیانی لەدەستدا
شەوی ڕابردوو دوو ژن بەهۆی گڕگرتنی موبەریدەوە سووتان و یەکێک لە ژنەکان بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/08/20220819-7532019-62522019-121122019-9856-jpg5243d1-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو، ١٨ی ئاب دوو ژن بەهۆی ئەوەی بە هەڵە بەنزینیان کردووەتەوە موبەریدەوە سووتان و یەکێکیان بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ڕایگەیاند، لە گەڕەکی خەباتی شاری سلێمانی، دوو ژن سووتاون و گەیەنرانە نەخۆشخانە، یەکێکیان تەمەنی ٢٥ ساڵە و ئەوەی دیکەش ٣٠ ساڵە.
بە گوێرەی زانیاریەکان ئەو دوو ژنە ویستویانە ئاوبکەنە موبەریدە، بەڵام بە هەڵە بەنزینییان کردووەتە موبەریدەکە و بەهۆیەوە گڕ لە موبەریدەکە بەربووە و هەردوو ژنەکە سوتاون.
سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر٨:٤٠، بەهۆی زۆری سوتانەکەیەوە یەکێك لەو ژنانەی شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی خەبات سوتا، گیانی لەدەستدا.